عەدنان حەسەن‌پوور پاش دوورخرانەوە بۆ زیندانی زابۆل، بۆ زیندانی زاهیدان راگوێزرا

21:04 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: عەدنان حەسەن‌پوور دوابەدوای راگواستنی لە زیندانی مەریوانەوە بۆ زیندانی زابۆل، رەوانەی زیندانی شاری زاهیدان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەدنان حەسەن پوور بە پێشنینە‌ترین رۆژنامەنووسی زیندانی کراو لە ئێران، لە کاتێکدا بۆ زیندانی زابۆل دوورخرابوویەوە، پاش ١٥ رۆژ راگیران لە قەرەنتینەی زیندانی شاری زابۆل بۆ زیندانی شاری زاهیدان راگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە کاتێکدا ماوەی ٥ رۆژیش لە زیندانی شاری زاهیدان لە قەرەنتینە راگیرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە رەوانەی ناو بەندی ئەو زیندانە کرا.

دەگوترێت کە زیندانی شاری زابۆل ئەو چالاکە سیاسییەی وەرنەگرتووە و بەو هۆیەوە رەوانەی زیندانی شاری زاهیدان کراوە.

عەدانان حەسەن‌پوور رێکەوتی ٢ی رەشەمە بە بڕیاری راستەوخۆی بەرپرسی گشتیی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان، لە زیندانی شاری مەریوانەوە بۆ زیندانی شاری زابۆل دوور خرابوویەوە.

خوشکی عەدنان حەسەن‌پوور هەواڵی راگواستنی براکەی لە زیندانی شاری زابۆلەوە بۆ زیندانی شاری زاهیدان، بۆ ئاژانسی کوردپا، پشتڕاست کردەوە.