عەبدوڵڵا چەمەن گوڵی وەک راهێنەری تیمی میللیی زۆرانی فەرەنگیی ئێران دیاریکرا

14:50 - 22 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: عەبدوڵڵا چەمەن گوڵی زۆرانبازی كوردی خەڵكی شاری سەقز وەک راهێنەری تیمی میللیی زۆرانبازیی فەرەنگیی وڵاتی ئێران دیاریکرا.

فێدراسیۆنی زۆرانبازیی وڵاتی ئێران رایگەیاند: بە سەرنجدان بە پێشینەی بەرپرسایەتی و راهێنەری لە بواری زۆرانبازیدا، عەبدوڵڵا چەمەن گوڵی وەک راهێنەری سەرەکیی تیمی میللیی زۆرانی فەرەنگیی وڵاتی ئێران هەڵبژێردراوە.

بەرپرسانی فێدراسیۆنی تیمی زۆرانی وڵاتی ئێران \"بەهرام موشتاقی\" و \"عەلی ئەشکانی\"یان وەک سەرپەرستی تیمی میللی دیاریکردووە.

هەڵبژاردنی کادری فەننی تیمی میللی لە ئەستۆی رەسووڵی خادەمە و ئەو ٣ کەسەش لە کۆتایی مانگی جۆزەردان راهێنەری و بەرپرسایەتیی تیمی میللی ئێران بە ئەستۆ دەگرن.

عەبدوڵڵا چەمەنگوڵی ناسراو بە \"دەروێش\" لە دایکبووی ساڵی 13٥٠ی شاری سەقزە و هەر لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە وەرزشی زۆران كردووە و لە تەمەنی مێرمنداڵیدا پلەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمی ئێرانی لە بواری زۆراندا بەدەست هێناوە.

ئەو پاڵەوانە کوردە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لە یارییەكانی زۆرانبازی لە سووئێد راهێنەری تیمی میللی بووە و لە ساڵەكانی ١٣٧٧ هەتا ١٣٧٩ ئەركی راهێنانی تیمی میللیی لاوانی ئێرانی لە ئەستۆ بووە و هەروەها لە ئۆلەمپیكی ئاتن لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی راهێنەری تیمی میللیی زۆرانی فەرەنگی بووە.

عەبدوولڵا چەمەن گوڵی لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا وەک باشترین راهێنەری زۆرانی ساڵی ٢٠١٢ی دونیا ناسێندرا .