عومەر ئیمامی زیندانیی سیاسیی کورد ئیزنی بەشداریکردنی لە پرسەی براکەی پێنەدرا

14:39 - 29 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، کە ماوەی ١٨ ساڵە لەزیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە، ئیزنی بەشداری کردنی لە پرسەی براکەیدا پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عومەر ئیمامی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی پاوە، کە لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد لە دەستبەسەری‎دایە، لەلایەن بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی حکوومتی ئیسلامییەوە بۆ بەشداری لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی براکەی، رێگری لێ کرا.

\"22781.jpg\"
عومەر ئیمامی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد لە دەستبەسەری‎دایە
موزەفەر ئیمامی تەمەن ٤٩ ساڵ و برای عومەر ئیمامی زیندانیی سیاسیی کورد بووە و لە کاتیکدا خەریکی نوێژەن کردنەوەی خانووەکەی بووە، بەهۆی برق گرتووییەوە گیانی لەدەست داوە.

عومەر ئیمامی، کە هاوڕێ لەگەڵ محەمەد مورادی، والی دروودی، عەلی ساڵحی لە زیندانی شاری یەزد ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە لە دەستبەسەری‎دایە، هەتا ئێستا لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەش بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار و لاقێکی لەکار کەوتووە و هەنووکە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە خزمەتی دەکرێت.

عومەر ئیمامی تەمەن ٣٦ ساڵ، کوڕی حوسێن، ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دەستبەسەر و دواتر بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا.