عومەر فارووقی: دۆزرانەوەی دوو پەیکەرە لە ناوچەی سەقز مێژووی ناوچەکە بەڵگەمەند دەکات

16:45 - 17 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ناوچەی سەقز پەیکەرەی مێژوویی ژن و مێردێک لە قەدی شاخی بالوقایە دۆزرایەوە، کە بە وتەی یەکێک لە مێژوونووسانی شارەکە، دەکرێ وەرچەرخان لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا دروست بکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عومەر فارووقی مێژوونووسی خەڵکی شاری سەقز کە رۆژی هەینی هاوڕێ لەگەڵ تیمێکی دیکیۆمێنت سازی لەسەر مێژووی شاری سەقز چووبوونە داوێنی كێوی \"بالوقایه\" هه‌ڵكه‌وتوو له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌قزـ بۆكان و له نزیک گوندی \"ئه‌حمه‌دئاوا\"ی سه‌را، پەیکەرەی مێژوویی ژن و مێردێکیان لە داوێنی ئەو چیایە دۆزیوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی ئەو مەسەلەیە دیمانەیەکی لەگەڵ عومەر فارووقی شوێنەوارناس و نوسەری کوردی خەڵکی شاری سەقز پێکهێناوە.

\"19197.jpg\"
عوموەر فارووقی بەهۆی نووسینی کتێبێک لەسەر مێژوو و ئەدەبیاتی کوردستان بە \"بەکارهێنانی قەڵەم دژی کۆماری ئیسلامی\" تۆمەتبار و زیندانی کرا
ئەو نووسەرە کوردە لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو دوو پەیکەرەیەوە بۆ پێش سەردەمی دەستەڵاتداریەتیی ماددەکان و زیاتر لە ٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنێتەوە، کە بەهۆی کەمتەرخەمیی لێکۆڵەران و مێژوونووسانەوە بە شاراوەیی ماوەتەوە.

ئەو کارمەندە لەسەر کار لابردراوەی ئیدارەی میرات فەرهەنگی گوتی هەتا ئێستا بەهۆی نەبوونی بەڵگە کێشەمان لەسەر ناوی سەقز هەبوو، بەڵام بە دۆزرانەوەی ئەم دوو پەیکەرەیە دەتوانین بە شێوەی بەڵگەمەند بیسەلمێنین کە ناوی سەقز لە سکاکانەوە سەرچاوەی گرتووە.

فارووقی سەبارەت بە کاریگەریی دۆزرانەوەی ئەو دوو پەیکەرەیە لەسەر مێژووی ناوچەکە دەڵێت؛ ئەگەر دەوڵەت گرینگیی پێ بدات و کارناسی تایبەت بێنە سەری و نوێژەنی بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە سەرنجی رێکخراوە جیهانییەکانی وەکوو یونسکۆ رادەکێشێت و ئەوانیش لەو پەیوەندییەدا کاردانەوەیان دەبێت.

عومەر فارووقی ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرامبەر ئەو پەیکەرانەدا گۆڕستانێکی سەکاییەکان هەیە، کە ئەو دوو پەیکەرە وەکوو خاوەنی گۆڕستانەکە سەیری ناو گۆڕستانی سەکایییەکان دەکەن، کە پێدەچێت ئەم دوو پەیکەرە وێنەی یەکێک لە پاتشای سەکاییەکان و هاوسەرەکەی بێت.

فارووقی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو دوو پەیکەرەیە بە دڵنیاییەوە هی سەردەمی سکاییەکانن و بەو شێوەیەی کە هیرۆدۆت، مێژوونووسی یۆنانی، باس لە چۆنیەتیی ناشتن و بەخاک سپاردنی مردووی سەکاییەکان دەکات، ئەو گۆڕستانە و چۆنیەتیی ناشتنی مردووەکانی ئەو گۆڕستانە، پەیوەندی‌یان بە سەکاییەکانەوە هەیە.

گوتیشی؛ ئەو دوو پەیکەرە کە بە قەدی کێوی بالوقایەوە هەڵکەندراون، بەهۆی ئەوەی بە تێپەڕبوونی زەمەن تووشی سوان بووە، دۆزرانەوەی ئەستەم بووە.

باسی لەوەش کرد، دوابەدوای دۆزرانەوەی ئەو دوو پەیکەرەیە، راپۆرتەکەیمان بۆ ئیدارەی میرات فەرهەنگیی ئوستانی کوردستان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەداوینەتەوە و چاوەڕێ دەکەین کە کارناسی ئەو ئیدارەیە سەردانی شوێنەکە بکات و دواتر راپۆرتەکەی بە تەکمیلی بڵاو دەکەینەوە.

عومەر فارووقی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە شاری سەقز لەدایک بووە، پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ کە کتێبێکی لەسەر مێژوو و ئەدەبیات نووسی، بە تۆمەتی بەکارهێنانی قەڵەم دژی کۆماری ئیسلامی زیندانی کراوە.

ئەو نووسەرە کوردە، کە کارمەندی ئیدارەی میرات فەرهەنگی بوو، بەو هۆیەوە دواتر لەسەر کار لابردرا و رووی لە کاری لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی دەقە میژووییەکان لەسەر مێژووی کورد کرد و هەتا ئێستا ٢٥ کتێبی نوسیووە.
\"19199.jpg\"

\"19200.jpg\"

\"19204.jpg\"

\"19203.jpg\"

\"19202.jpg\"

\"19201.jpg\"