عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری دەسبەسەر کرا
ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاری لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "نزیک ١١ کەس لە مەئموورانی لیباس شەخسی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عوسمان ئیسماعیلی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە".
مەحموود ساڵحی هەروەها دەڵێت: "پاش پشکنینی ماڵی عوسمان کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ، لە کاتێکدا، ئەو چالاکە کرێکارییە لە ڕێگای چوون بۆ ماڵەکەی خۆی بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕادەستی دادگوستەری دەکرێت؛ دادوەر ناوبراو ڕەوانەی زیندان دەکات".
بە وتەی ئەو چالاکە کرێکارییە، هێزە ئەمنییەتییەکان تەواوی ئەو ئاپارتومانەی دراوسێی عوسمان ئیسماعیلی بووە دەپشکێنن.
دەسبەسەرکردنی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ڕووی داوە و ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز، لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسرابوو.