عوسمان موزەیەن: دەبێلەرێگەی یاساوە كۆتایی بە كوشتنی كۆڵبەران بهێندرێت
ئاژانسی كوردپا: دوو پارێزەری كورد لەكوردستانی ئێران پڕۆسەیەكی یاسایی بەدواداچوون بە كوشتن و برینداركردنی كۆڵبەرانی كوردیان دەست پێكردووە و لەو پێوەندییەدا نامەیەكیشیان بۆ سەركۆماری حكوومەتی ئێران ناردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عوسمان موزەیەن و حوسێن ئەحمەدینیاز دوو پارێزەری كوردن كە پەروەندەی كۆڵبەرانیان وەئەستۆ گرتووە و بەوتەی خۆیان دیانهەوێلەرێگەی یاساوە كۆتایی بەكوشتنی بەئەنقەستی كۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بهێنن.
عوسمان موزەیەن لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا باسی لەلایەنە یاساییەكانی ئەو دۆسیەیە كرد و وتی: كۆڵبەرانی و كاسبكارانی سەرسنوور وەكوو بێبەریترین و هەژارترین چینی كۆمەڵگە بەردەوام لەژێر چەوسانەوە دان و هیچ ناوەندێكیش نیە كە پشتیوانیان لێبكات.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش كرد، لە قۆناغی یەكەمدا ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو كۆڵبەرانەی كە بەتەقەی هێزە نیزامییەكان بوونەتە قوربانی، بنەماڵەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە و لەلایەن حكوومەتەوە دیەیان پێبدرێ.
موزەیەن سەبارەت بە چۆنیەتی بەداوادچوون بە كەیسی كۆڵبەران ئاشكرای كرد، كۆڵبەرانی قوربانی خەڵكی كام شار بن دەبێدۆسیەكانیان لەوشارەو ببردرێتە دەزگا قەزاییەكان و دوای تێپەڕاندنی قۆناغی یاسایی خۆی ئێمە رادەستی دەزگا قەزاییەكانی ئوستان و ئەگەریش پێویست بكات رەوانەی ناوەندی دەكەین.
ئەو پارێزەرە كوردە لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا وتی: گرتنە ئەستۆی ئەو كەیسە كارێكی ئاسان نیە بەڵام ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین كە تەنانەت لەدادگا نیزامییەكانیشدا ئەو پەروەندەیە بورووژێنین و بكەران و بكووژانی كۆڵبەران رادەستی دەزگا قەزاییەكان بكەین.
عوسمان موزەیەن لەوڵامی ئەو پرسیارەدا ئاخۆ دەزگا قەزاییەكان هەتا چەندە توانای ئەوەیان هەیە بكووژان سزا بدەن وتی: بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ كەسێكی نیزامی سەبارەت بە كوشتنی كۆڵبەران سزا نەداروە و لەزۆر حاڵەتیشدا مەسەلەكە پەردەپۆش كراوە.
موزەیەن لەو باوەڕەدابوو، ئەو كەسانەی كە كاری كۆڵبەری دەكەن سزاكەیان كوشتن نیە چونكە لەزۆر حاڵەتدا ئەوان سنوور نابەزێنن و تەنانەت بینراوە كە هێزە نیزامییەكان لەنێو جادەكانیشدا تەقەیان لەماشێنی هاووڵاتیان كردووە و دواتر دەركەوتووە هیچ بارێكیان پێنەبووە.
ئەو یاسازانە سەبارەت بە ناردنی نامە بۆ سەركۆمار وتیشی: ئێمە ئەو نامەیەمان بەمەبەستی ئاگادار كردنەوەی حەسەن روحانی ناردووە و دەمانهەوێپێی بڵێین كە بۆ چی دەبێخەڵكی بێتاوان و بێدیفاع لەلایەن هێزەكانی هەنگی مەرزییەوە بكوژرێو ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لەوەزارەتی ناوخۆ و دادگای نیزامی سكاڵەمان لەسەر هەنگی مەرزی سەربە هێزە ئینتزامییەكان تۆمار كردووە.
حوسێن ئەحمەدینیاز و عوسمان موزەیەن لەو نامەیەدا ئاماژەیان بەدۆخی خرابی ئابووری كوردستان كردووە و وتوویانە ئەگەر دۆخی ئابووری باش بێت هیچ كەس ئامادە نیە روو بكاتە كۆڵبەری.
موزەیەن لەکۆتاییدا وتی: ئێمە ئەو کەیسەمان بێ بەرامبەر وەئەستۆ گرتووە و لای ئێمە گیانی مرۆڤەکان پڕ بایەختر لە پارەیە.