عوسمان موزەین: ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی، دەبێت بۆ بە سزا گەیاندنی بکوژی کۆڵبەران هەوڵ بدات

15:19 - 15 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە پارێزەرە ناسراوەکانی کورد، داوای لە ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی کرد، کە لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەرانی کورد دژکردەوە نیشان بدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عوسمان موزەین یەکێک لە پارێزەرە دیارەکانی کورد، داوا لە ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی کرد، کە لە هەمبەر کرانە ئامانجی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە هەڵویستی هەبێت.

ئەو پارێزەرە کوردە ڕایدەگەیەنێت: بریا ئەو ناوەندە کە سەر بە دەزگای قەزاییە، ماوە بە ماوە لە هەمبەر هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان دژکردەوەیان هەبێت، کە ڕێبواران و ماشینەکان دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و کوژران و بریندرا بوونی هاووڵاتییانی کوردی لە ناوە و دەرەوەی سنوری لێ دەکەوێتەوە، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و ڕێبواران بە تەواوەتی لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، بەڵام هیچ دەنگێک لەو ناوەندە مافی مرۆییە سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران نابیسرێت.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بە هەمان شێوە گیان و جیسمی هاووڵاتییانی ئێران لە وڵاتانی دیکە جێگای ڕێزە، بە دڵنیایەوە گیانی و جیسمی کۆڵبەرانی کوردیش کە خەڵکی ئێرانن لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەکوژڕین، جێگای ڕێزن. ئەوەی کە بەردەوام مافی مرۆڤ پێورە دوورووەکان قەبووڵ ناکات و لە بارەی ئەو حاڵەتەوە درووستە. لەو حاڵەتە بەرچاوە و ڕاستییە و ئەو ناوەندە دەبێ بە هەمان شێوە هەم لە بەرانبەر کوژرانی کۆڵبەران و ڕێبوارن لە ناوخۆی وڵات هەڵویستی هەبێت و تەنانەت سزا بۆ بکوژەکان و تاوانبارانی کوشتنی کۆڵبەران هەوڵ بدات.

لێدوانەکانی ئەو پارێزەرە ناسراوە کوردە، لەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی بە بڵابوونەوەی هەواڵی کوژرانی بیژەن قەیسەر ڕۆژی دووشەممە ٢٧ نوامبێر لە نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی ئامریکا، پاش کوژرانی لە لایەن پولیسی ئەو وڵاتە لە ویرجینا، مەحکووم و ڕاگەیاندووە: \"دەوڵەتی ئامریکا دەبێت وڵامدەری کوشتنی ئەو کەسە بێت و لەو پەیوەندییەدا، بۆ بیروڕای جیهانی ڕوونکردنەوە بدات\".

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٢١ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.