عوسمان مستەفاپوور لە مافی ئازادی مەرجدار و مورەخەسی پاش ٢٦ ساڵ بێبەش کرا

15:56 - 24 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئازادی مەرجدار و مافی مورەخەسی عوسمان مستەفاپوور، یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دژایەتی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ٢٦ ساڵ زیندان، عوسمان مستەفاپوور، زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە مافی ئازادی مەرجدار و مورەخەسی بێبەشە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی مستەفاپوور لە شاری پیرانشار بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕاگەیاند: سەرەڕای بەدواچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، بۆ دەزگای قەزایی و بەرپرسانی ئەو ناوەندە قەزاییە لەگەڵ ئازادی مەرجداری و مورەخەسی عوسمان دژایەتی دەکەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: بەرپرسانی دەزگای قەزایی پێداگیری لە سەر تەواو بوونی ماوەی زیندانی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، هەشت ساڵ لە ماوەی ٣٥ ساڵ زیندانی عۆسمان مستەفاپوور ماوە، کە دەبێت ناوبراوە ئەو ماوەیە لە زیندانی شاری ورمێدا تێپەڕێنێت.

\"\"عۆسمان مستەفاپوور بە هۆی زیاتر لە دوو دەیە لە زیندان و ئازار و ئەشکنجەدانی لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتی، تووشی نەخۆشینی دڵ و ئیش و چڵکردنی جمگەکانی بووە.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی\"تەرگەوەڕ\"ی شاری ورمێ دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی \"ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون\"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەستبەسەری، لقی یەکەی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابک\" حوکمی زیندانی عوسمان مستەفاپوور بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕی.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسدران بڕیوەتەوە.

عوسمان لە ماوەی زیندانی بوونی لە مافی مورەخەسی بێبەش بووە و دەزگای قەزایی و ناوەندی ئەمنیەتی، تەنانەت بە ناوبراو ئیزن بەشداری لە گیان لە دەستدانی نزیکەکانی پێ نەداوە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنج نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا داوا دەکات كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بە فێڕو چوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیم لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیدیعا و بانگەشە بە فێڕۆ بچێت.