عاسیمە جەهانگیر، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران گیانی لە دەست دا

20:26 - 22 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، بە هۆی \"جەڵدەی دڵ\" لە تەمەن ٦٦ ساڵیدا، گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆڕتی میدیاکانی وڵاتی پاکستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، عاسیمە جەهانگیر، لە تەمەن ٦٦ ساڵیدا بە هۆی جەڵدەی دڵ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لاهووری پاکستان گیانی لە دەست دا.

بە کۆتایی هاتنی دەورانی ڕاسپێردراوی ئەحمەد شەهید، وەکوو ڕێپۆڕتێری تایبەت مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، عاسیمە جەهانگیر وەکوو جێگرەوەی ناوبراو دەستنیشان کرا.

عاسیمە جەهانگیر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ هەتا ٢٠١٠ وەکوو ڕێپۆڕتێری ئازادییە مەزهەبی و عەقیدەتییەکان چالاکی کردووە و چەند جار ڕەخنەی لە ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بەهاییەکان گرتووە.

عاسیمە جەهانگیر پارێزەری گەورەی مافی مرۆڤ و چالاکی لیبڕاڵی پاکستانی بووە، ناوبراو لە ڕێبەرانی \"بزووتنەوەی پارێزەران\" لە وڵاتی پاکستان بووە و لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٣ هەتا ٢٠٠٧ زایینیدا زیندانی بووە.