عاسیمە جەهانگیر لە دۆخی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کرا

21:30 - 28 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا، پێشلکرانی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بە ناوەندە نێونەتەوەییەکان سەلمێنرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، ٢٧ی بەفرانبار، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتبەستن بە ئامارێکی ورد و شیکارییانە ئاگاداری دۆخی نالەباری مافی مرۆڤی کورد لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرایەوە.

لەم ڕاپۆرتە ٤٤ لاپەڕەیەدا، باس لە هەلومەرجی زیندانییانی سیاسی، لەسێدارەدروەکان، خۆکوژی ژنان، کۆڵبەران و قوربانییانی تەقینەوەی مین لە کوردستانی ئێران کراوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران_ژنێڤ و بۆ ساڵی ڕابردووی زایینی(٢٠١٦) ئامادە کراوە و وێڕای خاتوو عاسیمە جەهانگیر، کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و كۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپا و هه‌روه‌ها ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ئاگاداری ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە کراون.

سەبارەت بە زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا هاتووە؛ له‌ كۆی ١٠٧٤ به‌ندكراوی سیاسی له‌ ئێران، ٤٠١ كه‌سیان كوردن، هه‌روه‌ها، ١٤ گه‌نجی كورد كه‌ له‌ ژێر ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی مه‌حكووم كروان، چاوه‌ڕوانی له‌ سێداره‌دان ده‌كه‌ن.

دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لەلایەن ئەو ڕێکخستنە کوردییەی ژنێڤ بە \"زۆر خەراپ\" وەسف کراوە و ئاماژە بە ئیعدامی ٩٠ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران کراوە.

خۆکۆژی ژنان و قوربانییانی تەقینەوەی مین لە کوردستان بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە پێکدێنێت لە لەوێدا وتراوە کە زیاتر لە ٦٠ ژن و کچی کورد خۆیان کوشتووە کە ١٦ کەسیان بە شێوەی خۆسووتاندن بووە.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ زایینیدا، زیاتر له‌ ٥١ كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی مین و چه‌كه‌كانی پاشماوه‌ی شه‌ڕ کە٩ كه‌سیان مێرمنداڵ بوونه‌ و ٢ له‌و مێرمنداڵانه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران_ژنێڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا کەڵک لە زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وەرگیراوە، ڕایگەیاند: لەساڵی ٢٠١٦، ١٢٢ كۆڵبه‌ری كورد بوونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستڕێژی كوێرانه‌ی هێزه‌ سنوورییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و له‌و ڕێژه‌یهدا‌ ٥١ كۆڵبه‌ر گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و ٧١ كه‌سی دیکەش بریندار بوونه‌.

ئەو کۆمەڵەیە لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیسی پێشکەشی لایەنە پێوەندیدارەکان کراوە و بەم زووانە کۆی ڕاپۆرتەکە بەزمانی کوردی بڵاودەکاتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژینێڤ کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە سوئیس دامەزراوە خۆی وەک \"نوێنەری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان\" دەناسێنێ کە لە باری سیاسییەوە خۆی بە بێلایەن لەقەڵەم دەدا و پێوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەیە.

لینکی پێوەندیدار:
وتووێژی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ