عادل محەمەدی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هیچ بەدواداچوونێکیان لەسەر بکوژی براکەم نەکردووە

14:59 - 24 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، کە لە هەرێمی کوردستان (عێراق) بە زەبری چەک بریندار کرابوو، بە مەبەستی چارەسەری گوازرابوویەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان و بنەماڵە کوسوکاری ئەو لاوە کوردە، کەمتەرخەمیی کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی \"بوعلی\" مەریوان لە کاتی راگواستن بۆ نەخۆشخانەی تەورێز، بە هۆکاری گیان لەدەست دانی کوڕەکەیان دەگەڕێننەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆڕش محەمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئەندازیاری کوردی خەلکی شاری دیواندەرە، کە هاورێ لەگەڵ برایەکی لە شیرکەتێکی شارۆچکەی بازیان لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کار بوو، لەلایەن نیگابانی ئەو شیرکەتەوە کوژرا.

عادڵ محەمەدی برای شۆڕش محەمەدی سەبارەت بە شێوازی تەقە کردنی ئەو نیگابانە لە براکەی، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو نیگابانە لەگەڵ براکەم تووشی دەمەقاڵە هات و دەستبەجێ بە \"کۆڵت\"ـەکەی تەقەی لە براکەم کرد و برینداری کرد.

برای ئەو ئەندازیارە کوردەی خەڵکی دیواندەرە دەشڵێت، ئەو نیگابانە لەگەڵ ئەوەیکە کوردێکی خەڵكی بازیان بوو، بەڵام بەداخەوە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ بەدواداچوونێکیان لەسەر بکوژەکە نەکردووە.

برای ئەو ئەندازیارە کوژراوە گوتیشی، بەهۆی ئەویەکە دایک و باوکم پاسپۆرتیان نییە، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و بەدواداچوون بۆ پەروەندەی کوژرانی براکەم بکەن.

\"24184.jpg\"
شۆڕش محەمەدی ئەندازیاری کوردی خەلکی شاری دیواندەرە که لە هەرێمی کوردستان کوژرا
عادڵ محەمەدی، لە رێگەی ئاژانسی کوردپاوە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی براکەی بکەن.

ناوبراو چۆنیەتیی گیان لەدەستدانی براکەی بەم شێوەیە باس دەکات و دەڵێت: \"بەهۆی بێ ئیمکاناتی لە سلێمانی بڕیارمان دا کە براکەم بێنینەوە رۆژهەڵات و لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان خرایە ژێر چاوەدێرییەوەو بەهۆی ئەوەیکە کادری دەرمانیی نەخۆشخانە نەیانتوانی چارەسەریی براکەم بکەن، بڕیاریان دا، رەوانەی نەخۆشخانەی تەورێزی بکەن.

عادڵ محەمەدی گوتیشی، براکەی من لە کاتی راگواستن بۆ نەخۆشخانەی تەورێز باری تەندروستییەکەی باش بوو، تەنانەت دەیتوانی قسەش بکات، بەڵام ئەو ئامبوڵانسەی کە شۆڕشی پێ رەوانەی تەورێز کرابوو، لە رێگەدا لەگەڵ ئەوەیکە تەگەرێکی پەنچەر بوو، بەنزینیشی لێ بڕا.

ئەوەشی گوت، کە ئامبوڵانسی نەخۆشخانەی بووعەلی دوو جاریش کەپسوولی ئۆکسیژنەکەی تەواو بوو، کە سەرئەنجام بەهۆی تەواوبوونی کەپسوولی ئۆکسیژن، هەناسە هەڵکێشانی پچڕا و کاتژمێر ٥ی بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، لە ٧٠ کیلۆمیتریی شاری تەورێز گیانی لەدەست دا.

شۆڕش محەمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئەندازیاری \"برق و ئەلکترۆنیک\" و خەڵکی گوندی \"کەرێزە\"ی سەربە شاری دیواندەرە بوو، کە لەلایەن نیگابانی شیرکەتێکی شارۆچکەی بازیان لە هەرێمی کوردستانەوە تەقە لێکراوەو نیگابانەکەش هەڵهاتووەو هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.

\"24186.jpg\"

\"24185.jpg\"