شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداریی لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە بۆکان ڕووی دا

14:20 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژا نسی کوردپا: شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداریی پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران، لە شاری بۆکان ڕووی دا.

فەرماندییی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا، بە بڵاوکردنەوە ڕاگەیەندراوێک لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەم حیزبە، شەڕ و تێکەڵچوونی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: \"شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دەوروبەری گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕووی دا، که زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاندووە.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەو ڕاگەیەندنەدا ڕاگەیاندووە، لەو شەڕەدا ٤ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کوژرا و بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، باسی لە هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەی \"پیر محەممەد\" کردووە.

پاش ئەو شەڕ و تیکەڵچوونە، ناوچەی \"پیرمحەممەد\" بە تەواوەتی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە گەمارۆ دراوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لەو ناوچەیە بڵاوەیان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سپای پاسداران لە هەمبەر ڕاگەیاندنی فەرماندییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ دژکردەوەیەکی نیشان نەداوە.