شەڕ و تێكهەڵچوونەكان لە كوردستانی تورکیه درێژەیان هەیە

21:10 - 5 رێبەندان 2715
ئاژانسی كوردپا: شەڕ و تێكهەڵچوونەكان لە كوردستانی تورکیه (باكوور) درێژەیان هەیە و لە ئاكامی ئەو شەڕەدا، بەردەوام خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی.

بەپێی هەواڵەكان، ڕۆژی ڕابردوو لە شاری نسێبین، ژنێكی كورد لە ئاكامی تەقەی هێزە ئەمنییەكانی توركیەدا، گیانی لەدەست دا و ئێستا تەرمەكەی لە نێو خانوویەكدا ڕادەگیرێ و پۆلیس ئیزن بە كەس و كاری نادات كە تەرمەكەی بە خاك بسپێرن.

لە گەڕەكی \"دیجلە\" و \"داگ كاپێ\"ی ئەو شارەش، تەرمی سێ كەس بە كوژراوی بینراوەتەوە. لە شاری \"ئەدەنە\"ش ڕەوشەكە ئاڵۆزە و منداڵێك بریندار كراوە و دواتریش لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ شوێنێكی نادیار گوێزراوەتەوە.

هەروەها ژنێك بە ناوی شیرین ئالتای كە ٣٤ ڕۆژ لەمەوبەر بریندار كرابوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دو منداڵی دیكەش لە ئاكامی تۆپبارانی خەستی هێزە ئەمنییەكان، لە گەڕەكی \"حاسرلیە\"ی شاری ئامەد بریندار بوون و ئەمڕۆش ئەو خانوویەی كە ٣٤ كەس تێیدا گیریان خواردووە، بە خەستی تۆپباران كرا و لە ژمارەی قوربانیانی ئەو تۆپبارانە، هەواڵێكی ئەوتۆ لەبەردەست‏دا نیە.

شایانی باسە كە بە هۆی خراپیی دۆخەكە و زاڵبوونی ڕەوشی شەڕ و نەبوونی ڕۆژنامەوانیی سەربەخۆ لەوێ، ئەو هەواڵانەی لە سەر ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی هەر دوو بڵاو دەبنەوە، جێگای متمانە نین.