شەڕی بنەماڵەیی لە پارێزگای ئیلام ٦ کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە

15:16 - 17 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقە کردنی هاووڵاتییەک لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە بەخشی شاری مەلەکشاهی پارێزگای ئیلام پێنج کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕ، شەڕ و کێشەی نێوان دوو بنەماڵە لە گوندی\"باوڵەک\" لە ناوچەی قومش سەر بە بەخشی کچی شاری مەلەک شاهی ٦ قوربانی بە دواوە بوو.

لەو شەڕ بنەماڵەییەدا، ژن و پیاوێک و دوو منداڵی ئەو بنەماڵەيە دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا و هەروەها یەکێک لە منداڵەکانی ئەو بنەماڵەیە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە ڕێگای نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

هەواڵدەریی حکوومەتی\"ئیسنا\" لە زاری هێندێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوە بڵاوی کردەوە کە؛ ئەو شەڕە کە بووەتە هۆی کوژرانی ئەو پێنج کەسە بە هۆی کێشەی ئاودێری بووە و هەروەها بەشێکی دیکە ڕایانگەیاندووە، کە کێشەی بنەماڵەیی بووەتە هۆی ڕوودانی ئەو ڕووداوە.

بکوژەکە پاش ئەو ڕووداوە لەو شوێنە ڕایکردووە و تاکاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە دەستبەسەر نەکراوە.