شەپۆلی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ورمێ، زۆربەی زیندانەکانی ئێرانی گرتەوە

14:33 - 10 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانیانی ورمێ، رەوتی مانگرتن زۆربەی زیندانەکانی ئێرانی لێکەوتۆتەوەو زیندانیانی سیاسی لە ئێران، بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانی لە یەکتر دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی ورمێ لە کاتێکدا پێی نایە دوازدەیەمین رۆژی خۆی، کە زیندانیانی سیاسیی زیندانەکانی سنە، زاهیدان، رەجایی شاری کەرەج و باشووری ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، مانیان لە خواردن گرت.

زیندانیانی زیندانی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵوەشانەوەی بەندی زیندانییە سیاسییەکان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ زیندانیانی تاوانبار بە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و قەتڵ، لە رۆژی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

\"23395.jpg\"
ماڵپەڕی \"نفس در قفس\" لە زاری یەکێک لە زیندانیانی مانگرتوویەوە بڵاوی کردۆتەوە، \"زیندانی ورمێ لە سەرەتای هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامییەوە بەندی سیاسیی هەبووە و بەردەوام پڕ بووە لە زیندانیی سیاسی، بەڵام لە سالی ٩١ی هەتاوییەوە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات لەگەڵ زیندانیانی تاوانبار بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و کوشتن (قتل) تێکەڵ کران و لەو ماوەیەدا بەشیک لە زیندانیە سیاسییەکان گوازرانەوە بۆ بەندەکانی دیکەی زیندان.

ئەو زیندانییە سیاسییە گوتووشیەتی: \"ئێمە دووجار لەگەڵ بەرپرسان سەبارەت بە جیاکردنەوەی زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانیی بەندەکانی دیکە، کۆبووینەتەوەو هەر دووجاریش بەڵێنیی چارەسەرکردنیان پێداین، بەڵام هیچکات ئەو بەلێنییەی خۆیان نەبردە سەر.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەتا ئیستا دووجار مانمان لە خواردن گرتووەو هەر جارێکیش بەپێی بەڵێنیی بەرپرسان و باشتر کردنی دۆخەکە، کۆتایمان بە مانگرتنەکە هێنا، بەڵام نە تەنیا دۆخی زیندانییە سیاسییەکان باشتر نەبوو، بەڵکوو هەر جارەوە فشاری زیاتر خراوەتەسەر زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان، بە شێوەیەک کە ئەگەر دوو زیندانیی سیاسی پێکەوە دابنیشن و قسە بکەن، دەستبەجێ بانگهێشتی دەفتەری وەزارەتی ئیتلاعات دەکرێ و بەرەوڕووی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات دەبێتەوە.

رۆژی یەکشەممە مەنسوور ئاروەند یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، کە بە بیانووی ملاقات لەگەڵ کەسوکاری لە بەندەکەی هێنرابوویەوە دەرەوە، بە بریاری وەزارەتی ئیتلاعات رەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

هاوکات هێزەکانی گاردی تایبەت رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە هەوڵی راگواستنی (محەمەد عەبدوڵڵاهی)یان بۆ بەندی تایبەت بە تاوانبارانی کوشتن (قتل) دابوو، کە لەگەڵ بەربەرەکانێ و خۆڕاگریی زیندانییە سیاسییەکان بەرەوڕوو ببوونەوە.

هاوکات لەگەڵ زۆربوونی فشارەکان، جەعفەر ئەفشاری یەکێک لە زیندانییانی مانگرتووی زیندانی ورمێ، گوازراوەتەوە بۆ بەندی کارگای نیو زیندان و ئەمیر مەلادۆستیش کە مانی لە خواردن گرتبوو، رەوانەی مەرەخەسی کراوە.

هەروەها عەلیرەزا رەسووڵ کە لە ٢٠ رۆژ پێش ئێستاوە کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لەمەر چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی، کە تووشی نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسک بووە، مانی لە خواردن گرتووە، لە بارودۆخێکی نالەبای جەستەییدایە.

محەمەد عەبدولبەخت، بە ٦٥ ساڵ تەمەنەوە کە ماوەی ١٢ رۆژە مانی گرتووە، تووشی لاوازیی جەستەیی بووەو بارودۆخی جەستەیی نالەبارەو بەرپرسانی زیندانیش بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی نیو زیندان، هێڵەکانی تەلەفۆنی نێو زیندانیان پچڕاندووە.

٢٩ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بە ناوەکانی، مستەفا داودی، شۆڕش ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، جەعفەر ئەفشاری، حەبیب ئەفشاری، کەیهان دەروێشی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، محەمەد عەبدوڵلاهی، خزر رەسووڵی‌ڕاد، سامان نەسیم، سیروان نەژاوی، ئەمیر مەلادۆست، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم رەزاپوور، محەمەد عەبدولبەخت، عەبدوڵلا ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەبدورەحامن سلێمان، سەید سامی حوسینی، عەبدوڵڵا مەحموودی، ئەحمەد تەمۆیی، بێهرووز ئاڵخانی، مستەفا رەحمان، یووسف کاکەمەمی، سەید جەماڵ محەمەدی، عەلیرەزا رەسووڵی، مەنسوور ئاروەند و عوسمان مستەفاپوور، ماوەی ١٢ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووەو هەتا ئیستا هیچکام لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە هەڵوێستێکدا رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانییان لە داخوازیی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ لەمەڕ هەبوونی بەندی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی و نەهێشتنی هەڵاواردن و هەڵسووکەوتی نەشیاو، دەربڕی.

زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شار کە رۆژی ٩ی سەرماوەز مانگرتنەکەیان راگەیاندووە؛ خوازیاری لابردنی تۆمەتی سەر زیندانیان و ئازادکرانیان و هەروەها پشتیوانیی رێکخراوەکانی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و ناوەندە مرۆڤدۆستەکان لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بوون.

بە گوتەی زیندانیان، وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای قەزایی بە مەبەستی نکۆڵی کردن لە هەبوونی زیندانیی سیاسی لە وڵاتی ئیران، کۆنترۆڵ کردنی زیندانییە سیاسییەکان و گیرۆدەکردنیان بە ماددەی هۆشبەر، کەمکردنەوەی هەستی هاودەردیی زیندانییە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر، زیندانییە سیاسییەکان تێکەڵ بە زیندانییانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر و تۆمەتباران بە کوشتن و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن.

سالح کۆهندڵ، شاهرۆخ زەمانی، ئەسەدوڵڵا هادی، رەزا ئەبەریی مونفەرد، ئەبولقاسم فوولادوەند، عەلیرەزا فەراهانی، ئیرەج عاتەمەی، ئەفشین حەیرەتیان، فەرید ئازموودە، زانیار مورادی، بێهنام ئیبراهیم‌زادە، لوقمان مورادی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە مانگرتنیان بۆ پستیوانی لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ دەربڕیوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردۆتەوە، زیندانیانی سیاسیی زیندانەکانی سنە و باشووری ئێران رۆژی شەممە، رێکەوتی ٨ی سەرماوەز بۆ پشتیوانی لە داخوازیی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، بە دەرکردنی دوو بەیاننامەی جیا لە یەک، مانگرتنی خۆیان راگەیاند.

هەروەها شێخ محەمەد بەلووچ زهی، خەتیب‌محەمەد نەقشبەندی، محەمەد ئەمین ئاگووشی، ئیرەج محەمەدی، ئەیوب ریگی، عەبدولغەنی ریگی، مەلک محەمەد ئابادیان، جەواد ئابادیان، هادی ئابادیان، نیزامەدین مەلازادە، جابر ئابادیان، گوڵ محەمەد بەلیل ئیلی، عەبدولغەفار نقشبەندی، پەرویز زەینەدینی، جان محەمەد بەری، غوڵام محەمەد بەلووچ، زوبێر هوود، محەمەد شەهری، محەمەد نووری، مەسعوود ناروویی لە زیندانی زاهیدانەوە بە راگەیاندنی مانگرتن، پشتیوانییان بۆ زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ دەربڕیوە.