شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد پاش مانگرتنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان

14:31 - 22 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، شەپۆلێکی بەرینی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردی دەست پێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش مانگرتنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکان شەپۆلێکی بەربڵاوی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان دەست پێ کردووە و زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

\"\"دیاکۆ باغەبانی
هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەردەشت ٥ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی \"بەهمەن ددانساز، محەممەد خەڵکی گوندی لەیلانە، محەممەدئەمین خەڵکی گوندی سوێروە، وەفا و محەممەد خەڵکی گوندی \"جەبرەند\"یان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی هەواڵنێری کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"دیاکۆ باغەبانی\"، کوڕی ڕەسووڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەروەها بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ، پاش مانگرتنە گشتییەکی خەڵکی کوردستان چوار هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"خدر دەوڵەتی، مووسا ئازەری، سیامەند دەوڵەتی و یووسف تەنخوا\" کوڕی ڕەحمان، خەڵکی گوندی \"تاجێئاوێ\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

\"\"یووسف تەنخوا
لە شاری مەریوانیش هەتا ئێستا ٩ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"سۆران دانشوەر، موسلێم بەهرامی، ئارام فەتحی، دلێر ڕۆشن، محەممەد ئەزکات، محەممەد تەبیرە، ئەحسەن پەرتەوی، نەوشیروان خۆشنەزەر و ئارام ئەمانی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران، بەپێی بانگەوازێک لە ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران، بە نیسبەت ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی کوردستان مانیان گرت.