شەمخانی هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانی کرد

15:15 - 27 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی شۆرای بەرزی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لە لێداونێکدا هەڕەشەی کردووە، سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەخات و شێوەی بەرەنگاربوونەوەشیان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر جیاواز دەبێت.

عەلی شەمخانی، بەڕێوەبەری شۆرای بەرزی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئێران لە بارەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان باسی کرد، ڕوانگەی نوێی بەربەرەکانیمان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە ڕابردوو دەبێت.

سەرۆکی شۆرای بەرزی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران هەروەها باسی لەوە کردووە: \"دوای جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، ئێران لە چوارچێوەی دابین کردنی ئەمنییەتی سنوورە هاوبەشەکانی خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حزوور و چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆدا، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە ڕابردوو هەڵسووکەوت دەکات\".

ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییە هەروەها ڕایگەیاند: \"ڕێککەوتنە سنوورییەکان تەنیا بە بوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت و جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە مانای داخستنی هەموو ڕێگاوبانە سنوورییەکان دەبێت\".

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکدا پشتیوانیی خۆی لە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی و ئەو بڕیارە نەتەوەییەی وەک مافی ڕەوای نەتەوەی کورد وەسف کرد\".

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردووەتەوە، کە دەبێ نەتەوەی کورد لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات پشتیوانی یەکتر بن.

حیزبی دێموکرات ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بە مانای \"بووژانەوەی کۆماری کوردستان\" دەزانێت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی بەردەوام هەڕەشەیان لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە.

سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ڕێبەرانی کورد لە سەر بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە ماوەی ٧ ڕۆژی داهاتوودا پێداگری دەکەن و ئەو پرۆسەیە دوا ناخەن.