شەعبان محەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا

12:54 - 19 رێبەندان 2721

شەعبان محەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە وڵامی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەممەدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی شەعبان محەممەدی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دایە.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە لەسەر بڕیاری دادستانی و لێپرسی لقی ١ی مەریوان بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان، مامۆستایانی مەریوان لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە بەنسیبەت دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرێوە برد.

ئەو بانگەوازە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان بەڕێوە چوو و ئەو ئەنجومەنە خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی شەعبان محەممەدی بوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، شەعبان محەممەدی، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.