شەعبان محەممەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:53 - 6 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمە، شەعبان محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سێنفییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، شەعبان محەممەدی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە وڵامی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەممەدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی شەعبان محەممەدی ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوێزراوە.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە لەسەر بڕیاری دادستانی و لێپرسی لقی ١ی مەریوان بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان، مامۆستایانی مەریوان لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە بەنسیبەت دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرێوە بردبوو.

ئەو بانگەوازە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان بەڕێوە چوو و ئەو ئەنجومەنە خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی شەعبان محەممەدی ببوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، شەعبان محەممەدی، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.