شەعبان محەممەدی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا

10:10 - 5 رەشەمه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، شەعبان محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان ـ مەریوان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، شەعبان محەممەدی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ڕاگوێزراوە بۆ زیندانی مەریوان.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە وڵامی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەممەدی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی شەعبان محەممەدی ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوێزراوە.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە لەسەر بڕیاری دادستانی و لێپرسی لقی ١ی مەریوان بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان، مامۆستایانی مەریوان لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە بەنسیبەت دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سێنفییە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرێوە بردبوو.

ئەو بانگەوازە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان بەڕێوە چوو و ئەو ئەنجومەنە خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی شەعبان محەممەدی ببوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، شەعبان محەممەدی، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.