شەش یەکەی بەرهەم هێنەر لە شاری بانە داخران

15:23 - 30 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا بە هۆی کێشە و گرفتی ماڵییەوە کە بەرۆکی خاوەن یەکە بەرهەم هێنەرەکانی گرتووە، شەش یەکەی بەرهەم هێنان لە شاری بانە داخران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، یەکەکانی بەرهەم هێنەر لە شاری بانە داخراون کە دوایینیان بریتییە لە کارگەی نایلۆن و نایلێکسی خەتیب.

بە وتەی بەرێوەبەری تەعاون، کار و خۆش بژێوی کۆمەڵایەتی، داخراوی ئەو یەکە بەرهەم هێنەرە لەو ماوەیەدا بووەتە هۆی بێکاربوون و خانەنشین کرانی ٥٦ کرێکار.

حەمید ساعد پەنا هەروەها وتوویەتی: داخرانی یەکە بەرهەم هێنەرەکانی بۆ دروست بوونی پیشەی نوێ لە لایەن دەزگا بەڕێوەبەرییەکانی ئەو شارە گەڕاندەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هەڵسەنگاندن و خەسارناسییەک لەو بارەیەوە کراوە کە ئاکامەکەی دەریدەخات نەبوونی موڵەت و نەبوونی ئاسانکاری لە لایەن دەزگاکانی بەڕێوەبەری وەکوو هۆکاری سەرەکی داخرانی ئەو کارگانە لەو پەیوەندییەدا بووە.

هەر لەو پەیوەندیەیدا، بەڕێوەبەری ئیدارەی کار لە شاری بانە ڕاگەیاند: ٦ یەکەی دیکەی بەرهەم هێنان هەنوکە لەگەڵ کێشەی تایبەت بەرەووڕوون و ١٢ یەکەی دیکەش بە هۆی مەندی و کێشەی ماڵییەوە داوای ئاسانکاریان کردووە.