شەش ڕێکخراوی مەدەنیی مەریوان بەنیسبەت توندوتیژییەکانی ئەو دواییانە لە شاری مەریواندا بەیانییەیەکیان بڵاو کردەوە

شەش ڕیکخراوی مەدەنیی مەریوان بەنیسبەت توندوتیژییەکانی ئەم دواییانە لە مەریوان لەلایەن کەسانێکی توندڕەوەوە، بەیانییەیەکیان بڵاو کردوەوە و بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەستیاری ناوچەکە داوایان لە هەموو چین و توێژەکان، چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی و کەسانی خاوەن پێگە و مەرجەع کردووە کە بێدەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆیان لە ڕاستای یەکڕیزی و تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی شاری مەریوان جێبەجێ بکەن.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی خوا

 ڕوونکردنەوەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لەسەر توندوتیژییەکانی ئەم دواییه‌ی شارەکەمان.

خەڵکی بەڕێز و بە ئەمەگی  مەریوان، هەروەها کە ئاگادارن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەن کردەیەکی توندوتیژ لە شارەکەماندا ڕووی دا کە بوو بە هۆی شڵەژان و بریندارکردنی هەستی خەڵک و نیگەرانیی ڕای گشتی.

ئەم کردەوە ناشیرینانە کە بوو بە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێکچوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لەنیۆ کومەڵگا و بنەماڵەکان، لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری پەیامێکی خراپ و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ژیانی ئاشتیانە و تەبایی و پێکەوە بوونمان.

هاووڵاتیانی بەڕێز، شاری مەریوان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازیی پێکەوەبوون و ژیانی مەدەنی و ئاشتی و فرە چەشنی بووە، ئەم دەڤەرە بەهۆی جووڵەی فکری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەمیشە شارێکی زیندوو و ئەکتیڤ بووە، مووزائیکی فکر و کەلتوور و ڕێکخراوی جیاواز بووە،بە درێژایی مێژوو، ئەم شارە ئامێزی کراوە بووە بۆ ڕەنگ و دەنگی جیاواز و هیچکات ئەم جیاوازیانە نەبوەتە هۆی کێشە‌ی کۆمەڵایەتی، ململانێ و لێکترازان.

بە پێچەوانەوە لەسەر بنەمای پرنسیپی پێکەوەژیانی دێموکراتیک و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزدانان بۆ ڕای یەکتر، ژیانیان بە ڕێ کردووە.

ئێمە لەو بڕوایەداین، لەسەردەمی ئەمڕۆ و بەم ئاستە لە پێشکەوتن کە مرۆڤ بە دەستی خستووە، ئێتر کەلتووری سڕینەوە و هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر باوڕی ئینسان، هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و لەلایەن ڕای گشتیی جەماوەر، مایەی پەسەندکردن نییە. ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کوشت و بڕ هیچ جێگایەکی نە لە ئێستە و نە لە مێژووی ئێمەدا نەبووە و نایبێت.

پێویستە لەسەر بنەمای ئەو میراتە مەدەنییە کە لەسەر ڕەنج و زەحمەتی هەزاران کەس، لە زیاتر لە نیو سەدە لەم شارەدا، بۆمان بەجێ ماوە، فۆرمی ژیان و شێوازی پێوەندییەکانمان ڕێک بخەین.

پێویستە ئەم میراتە کە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازاد و حورمەتدانان بۆ یەکتر و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پەرە پێ بدەین و گەشە بکات.

ئێمە پێمان وایە ئایین پارچەیەکی دانەبڕاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی مۆراڵی و مەعنەویی کۆمەڵگایە. هیچکات لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا ئەرکی ئایین ترس و تۆقاندن نەبووە، بۆیە هەرچەشنە بەکارهێنانی ئایین وەک ئامراز و کەرەستە، بۆ بەرژەوەندیی کەس و چین و تاقم و گرووپێک و تەنانەت دەسەڵاتیش،، ڕەت ئەکەینەوە.

گەلی ئێمە خاوەن بیر و باوڕی خۆیەتی، ئایین بە جۆرێک لەگەڵ ژیانی نەتەوەیی و داب و نەریتی ئێمە خۆی گونجاندووە و بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شایەنی ڕێزگرتنە. بەڵام بە کار هێنانی دینیش لە ژێر هەندێ ناوی شاراوە و نهێنیدا، بۆ بەدەست خستنی هەژموونی کومەڵایەتی و سیاسی و هتد جێگای پەسەند نییە.

لەم چوارچێوەدا ئێمە بە کارهێنانی تووندوتیژی(خشونت) له هەر فۆرم و بە هەر شێوازێک شەرمەزار و ئیدانە ئەکەین.

جێگای خۆیەتی هەر لێرەوە لە بەرپرسانی خۆجێی و لۆکاڵی ئەم شارە ڕەخنە بگرین، کە هەرگیز لەم بوارانەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی و ئیجابیان نەگێڕاوە و خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە و نەیانتوانیوە باوڕ و متمانەی خەڵک بە دەست بهێنن.

لەم سۆنگەوە ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، بە هەستکردن بە بەرپرساریەتی مێژوویی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری ناوچەکەمان، داوا لە هەموو چین و توێژەکان،چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی و کەسانی خاوەن پێگە و مەرجەع ئەکەین کە بێدەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆێان جێبەجێ بکەن و ڕۆڵیان هەبێ لە یەکڕیزی و تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی شارەکەمان و ئەرکی مێژوویی خۆیان جێبەجێ بکەن.

۱٦ی گۆڵانی ۱٤۰۰، شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان
ناوەندی فەرهەنگی، هۆنەریی ڤەژین
ناوەندی زانستی، فەرهەنگیی ڕۆنان
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان
ئەنجومەنی ژیانەوەی مەریوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار