شەش چالاکی کرێکاری حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە

15:15 - 25 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: شەش چالاکی کرێکاری لە شاری کامیاران کە پێشتر بە تاوانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەستبەسەر کرابوون لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمیان بۆ بڕایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ ڕەزبەر شەش چالاکی کرێکاری لە شاری کامیاران، چوار کەسیان بە یەک ساڵ و دوو کەسی دیکەیان بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی حوکم دراون.

شوناسی ئەو شەش هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی کامیاران بە ناوەکانی، مێهرداد سەبووری، ئومید ئەحمەدی، دڵنیا سەبووری، ڕۆژین ئیبراهیمی، شاهۆ سادقی و ئارام محەممەدی، ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا، لە شاری کامیاران وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ مێهرداد، ئومید، دڵنیا و ڕۆژین بە یەک ساڵ زیندانی و شاهۆ و ئارام محەممەدی هەر یەک بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکم دراون.

ئەو شەش چالاکە کرێکارییە، پێشتر لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران دەستبەسەر کرابوون بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوون.

لە ڕێکەوتی ١٢ ڕەزبەر ئەو چالاکەنە بانگهشتی لقی دادگای ئینقلابی شاری سنە دادگای کرابوون.

http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/68243