شەش هاووڵاتیی کورد حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانیان بە سەردا سەپا

20:00 - 14 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە ٣٠ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەر شەش هاووڵاتیی کورد سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەش هاووڵاتیی کورد خەڵکی گوندی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

شوناسی ئەو شەش هاووڵاتییە کوردە بەم چەشنەیە:

\"وەکیل رۆستەمی کوڕی محەممەد میرزا، فەروان يۆستەمی کوڕی عەلی محەممەد، سیروان ڕۆستەمی کوڕی عەلی محەممەد، بێهروز عەزیزی کوڕی محەممەد، ڕەسووڵ عەزیری کوڕی ئەڵڵا محەممەد و عەلی کووهی کوڕی محەممەدعەزیز\".

دادگای ئینقلابی شاری سنە ئەو شەش هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیونی حکوومەتی ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان\" تاوانبار و بۆ هەر یەک لەو شەش کەسە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەزعەزیری بڕیووەتەوە.

ئەو شەشە هاووڵاتییە کوردە، کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی وەسیقە بە شیوەی کاتی ئازاد کران و ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیانن.