شێعرەكانی "مەحوی" وەگێڕدرایە سەر زمانی فەرانسەیی

17:14 - 27 خەرمانان 2713
ئاژانسی كوردپا: بەرهەمە شێعرییەكانی مامۆستا مەحوی بە زمانی فەرانسەیی لەژێر ناوی \"سپێدەكان لەم شەوەدا لەدایک دەبن\" لە وڵاتی فەرانسە چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەرهەمە شێعرییەكانی مامۆستا مەحوی لەلایەن \"ئەحمەدی مەلا\" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەرانسەیی و دەزگای چاپ و پەخشی \"ئارمەتان\" لە پاریس، ئەركی چاپ و بڵاو کردنەوەی وەئەستۆ گرتووە.

لەو بارەیەوە سایتی هاووڵاتی بڵاوی كردۆتەوە، وەرگێڕانی شێعرەكانی مەحوی ماوەی یەک ساڵی خایاندووەو وەرگێڕ لەفەرهەنگی فارسی ـ فەرانسەیی كەڵكی وەرگرتووە.

مامۆستا مەحوی لەنووسینەكانیدا كەڵكی لەئەدەبیاتی سۆفیگەری فارسی وەرگرتووە و نووسینەكانی شاعیری فارس، حافزی شیرازی كردۆتەوە سەرمەشقی كارەكانی.

پەرتووكی شێعرەكانی مەحوی بە زمانی فەرانسەیی خۆی لەدووتۆیی ١٧٢ لاپەڕەدا بینیوەتەوە و دەزگای ئارمەتان كە ئەركی چاپ كردنی ئەو بەرهەمەی وەئەستۆ گرتووە گرینگییەکی تایبەت بە ئەدەبی كوردی دەدات و هەتا ئێستا چەندین كتێبیان بە زمانی فەرانسەیی لە سەر ئەدەب و مێژووی كورد بڵاو كردۆتەوە.

مەلا محەممەد كوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە \"مەحوی\" لە ئاوایی \"باڵخ\"‌ی سەر بە سولێمانی لەدایک بووە و لەنووسینی هۆنراوەی كوردیدا دەستێكی باڵای هەبووە، هەر بۆیە بە یەكێک لە چڵەپۆپەكانی شێعری كوردی ئەژمار دەكرێت.

غەزەلیات، چوار خشتەكییەكان و تاكەكان و نووسینی شێعری عارەفانە و ئایینی لەبەرهەمەكانی مەحویدا بەرچاو دەكەوێت و لەبەناوبانگرترین بەرهەمەكانی دەتوانین ئاماژە بە \"دیوانی مەحوی\" كە كۆمەڵە شێعرەكانی ئەو شاعیرەی لەخۆ گرتووە، بكەین.

مامۆستا مەلا محەممەد ( مەحوی) ساڵی ١٢٨٥‌ی هەتاوی (١٩٠٦‌ی زایینیی) كۆچی دوایی كردووە و لەیەكێک لەژوورەكانی خانەقا لەناوچەی سولێمانی ئەسپێردەی خاک كراوە.