شێعرێک بۆ کۆبانی، جەلال مەلەکشای کێشایە ئیتلاعات +وتوێژ

18:38 - 28 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری سنە، شاعیرێکی ناسراوی کوردی بۆ ئەو ئیدارەیە بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جەلال مەلەکشا شاعیری ناسراوی کورد لە شاری سنە، بەهۆی هۆنینەوەی شێعرێک بۆ کۆبانی، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرا.

جەلال مەلەکشا لە لەێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند؛ \"هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای هەرەشەیەکی زۆر پێیان گوتم کە نابێ هیچ شێعرێک سەبارەت بە کۆبانی و داعش بهۆنیتەوە\".

مەلەکشا روونیشی کردەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوتیشیان: \"دەبێ بە نووسراوە بەڵێنیی ئەوە بدەی، کە هیچ شتێک لەسەر کۆبانی و داعش نەنووسم\".

\"23243.jpg\"
\"زڕەی زنجیری وشە دیلەکان\" بەناوبانگترین بەرهەمی جەلال مەلەکشا
ئەو شاعیرە کوردە راشکاوانە گوتی: \"من بەڵێننامەم پڕ نەکردەوەو پێم گوتن من شاعیرم و هەستی خۆم دەکەمە شێعر و ئێوەیش هەر شتێکتان لەدەست دێ بیکەن\".

لە درێژەدا گوتیشی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم، کە نابێ لەگەڵ کەناڵە ماهوارەییەکانی دەرەوەی وڵات قسە بکەم و لێدوان بدەم.

مامۆستا جەلال مەلەکشا دەشڵێت: لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر خەڵکی کۆبانی، شێعرێکم بۆ خۆڕاگریی کۆبانی هۆنیوەتەوە و هەتا ئێستا بلاوم نەکردۆتەوە.

مەلەکشا رەتیشی کردەوە، کە لە ماوەی رابردوودا بەرهەمێکی لەلایەن وەزارەتی ئیرشادەوە مۆڵەتی چاپی پێ نەدرابێت.

پێشتریش دوو ژنە شاعیری خەڵکی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لەمەڕ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بانگهێشت کرابوون.

جەلال مەلەکشا دەیان شێعری ئەڤین و حیماسەتی هۆنیوەتەوە، کە زۆربەی شێعرەکانی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا خولقاندوون.

مەلەکشا ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر، رۆژنامەوان ئەندامی دەستەی نووسەران و بەرپرسی بەشی ئەدەبیی گۆڤاری سروە بووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش سەرنووسەری گۆڤاری پرشنگ بووە، کە لە شاری هەولێر چاپ و بڵاو دەکرایەوە.

بەرهەمی شێعریی \"زڕەی زنجیری وشە دیلەکان\" بەناوبانگترین بەرهەمی ئەو شاعیرە کوردە دادەندرێ و زۆربەی شێعرەکانی وەڕگێڕدراونەتەوە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕانسەیی، عەرەبی و رووسی.