شێرکۆ مەعارفی، زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارە درا

15:27 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی لە سیدارە دانی زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، شێرکۆ مەعارفی لە سیندانی ناوەندیی شاری سەقز لە سێدارە درا.

سەرچاوەیەکەی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوە حوکمی لەسێدارە دانی شێرکۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانە، لە سالۆنی ملاقاتی نێو زیندانی شاری سەقز بەڕێوەچوو.

خەلیل بەهرامیان پارێزەری ئەو زیندانییە کوردە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"هەتا ئێستا من لەو مەسەلەیە ئاگادار نەکراوەمەتەوە، بۆیە ناتوانم ئەم هەواڵە پشتڕاست بکەمەوە\".

پارێزەری شێرکۆ مەعارفی گوتیشی: \"ئێمە پێشتر داوای \"لێخۆشبوون(عفو بخشودگی)\"مان بۆ کردبوو، بەڵام دیوانی باڵای وڵات رەزامەندیی لەگەڵ ئەو داوایی ئێمە دەر نەبڕی\".

شێرکۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی کورد رێکەوتی ٩ی گه‌ڵاوێژی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە ناوچەی بانە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی \"شایەق\" بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە.

حوکمی سێدارەی شێرکۆ مەعارفی لە دادگای پێداچوونە و دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە و سەرەڕای هەڵی دوو پاێزەری نابراو، خەلیل بەهرامیان و ئەحمەد سەعید شێخی، پاش ٥ ساڵ راگیران لە زیندان، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز بەڕێوە چوو.