شێرکۆ بێکەس کۆچی دوایی کرد

21:24 - 13 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: شێرکۆ بێکەس شاعیری ناسراوی کورد لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە دنیای شێعر و ئەدەبی کوردی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی١٣ی مانگی گەلاوێژ شاعیری بەئەزموون و ئەستێرەی پڕ بەهرەی دونیای ئەدەبی کوردی بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجەی قوڕگەوە لەنەخۆشخانەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید کەژاوەی ژیانی بەرەو نەمان رۆیشت.

\"14376.jpg\"
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس بەهاری ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی دیدەی بە جیهان هەڵێناو لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەمین بەرهەمی خۆی لەژێر ناوی \"مانگە شەوی شێعر\" چاپ و بڵاو کردەوە.

شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی‌ ھاوچەرخی‌ کورد دادەنرێت و خاوەنی‌ چەندین نامیلکە‌ و دیوانی‌ شیعرییە و زۆرێک لە شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون.

هەتا ئێستا ٣٥ بەرهەمی لە قاڵبی کتێبی شێعر، رۆمان، کورتە شێعر و شانۆنامەدا چاپ و بڵاو کراونەتەوەو لە وڵاتی ئێرانیش چەندین نووسەری وەک \"سەید عەلی ساڵحی، فەریاد شیری، عەزیز ناسری، ئەحمەد شاملوو، رەزا کەریم موجاور، محەممەد رەئووف مورادی مەریوان هەڵەبجەیی بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە کوردەیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.