شیرکەتی ئۆرووم دانە ٢٠ کرێکاری لە سەرکارەکەیان دەرکرد

14:33 - 20 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: شیرکەتێکی کێڵگەی پەلەوەر و کشت وکاڵی هەوڵی وەدەرنانی لانیکەم ٢٠ کرێکاری وەرزیی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، خاوەنکاری شیرکەتی ئۆروومی گەوهەر دانەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لانیکەم ٢٠ کرێکاری کوردی لە کار بێکار کرد.

ئەو کرێکارانە لەلایەن شیرکەتی ئۆرووم دانە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەی گرێبەست لەو شیرکەتە دامەزرابوون.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری میاندووئاو لە زاری سەرچاوەیەکی باوەرپێکراوەوە ڕایگەیاند: کرێکارە دەرکراوەکان خەڵکی شارەکانی بۆکان و ساین قەڵان.

ئەو سەرچاوەیەی ئەوەشی خستەڕوو: لە کاتی پاکانە حسێبی کرێکارەکان، لەلایەن خاوەنکاری شێرکەتی ئۆرووم دانەوە هەڕەشەیان لێ‌کراوە کە لە ئەگەری تۆمار کردنی سکاڵادا، ساڵی داهاتوو، ئیزنی دامەزراندیان لەو شیرکەتە پێ نادرێ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە؛ ئەو ژمارە کرێکارە دەرکراوە کوردە \"لە دڵنیایی کار بێبەش بوون\".

کرێکارانی وەرزی لە کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە ڕاستای وەچەنگ خستنی قازانجی زۆر، تووشی حاڵەتی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبن و بە گشتی هیچ کام لە یاساکانی کار کرێکاران ناگرێتەوە.

پێشتر، سەید عەزیز حوسێنی بەڕێوەبەری شیرکەت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا گوتبووی؛ تەواوی چالاکییەکان لە ڕاستای ئابووری خۆڕاگری دەبێت و نزیکەی ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەریکی کار کردنن.

شیرکەتی گەوهەر دانە بە یەکێک لە لقەکانی گرووپی بەرهەم هێنانی\"سیدان سەوزی حوسێنی\" بە ئەژمار دێت، کە لە بواری بەرهەم هێنانی پیشەی کێڵگەی پەلەوەر و کشتوکاڵی خەریکی کار و چالاکین و ئەو شیرکەتە لە ژێر چاوەدێریی سپای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادایە.

ئەو شیرکەتە لە شارەکانی ساین قەڵا، میاندووئاو و بۆکان نوێنەرایەتی هەیە و نووسینگەی سەرەکیی ئەو شێرکەتە لە شاری میاندووئاوە.