شۆفیر تاکسییەکانی سنە مانیان گرت

19:53 - 7 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: رێژەیەکی بەرچاو لە شۆفیر تاکسییەکانی شاری سنە بەهۆی گرانیی نرخی \"قطعات\"ی ماشین دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٧ی رێبەندان رێژەیەکی بەرچاو لە شۆفیر تاکسییەکانی شاری سنە بەهۆی گران بوونی نرخی بەنزین و قەتەعات و هەروەها کەمی نرخی کرێ تاکسی لە شەقامی \"شاپوور\" مانیان گرت.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: دوابەدوای مانگرتنی ئەو شۆفیر تاکسییانە سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی شۆرای ترافیک چوونەتە شوێنی ئەو مانگرتنە بە شۆفیرەکانیان راگەیاندووە لەئەگەری کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکە، داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

\"غوڵامرەزا بەخشی زادە\" بەرپرسی یەکییەتیی فرۆشیارانی قەتەعاتی ماشین لەمەڕ لەسەرێ بوونی نرخی قەتەعات رایگەیاندووە، کە نرخی قەتەعات بە شێوەی نێونجی تەنیا ٢٠% زیادی کردووە.

ئەوەش لە کاتێک دایە زۆرێک لە چالاکانی بازاێ ماشین و قەتەعات لەسەر ئەو باوەڕەن کە نرخی قەتەعاتی ماشین ١٠٠% زیادی کردووە.