شۆرای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێداگری لە سەر دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەت بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات

20:35 - 4 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە پێداگری لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ ڕێپۆرتێری تایبەت بە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران دابنرێت.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوە، شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٢١ دەنگی ئەرێنی، ٧ دەنگی نەرێنی و ١٩ دەنگی بێلایەن جارێکی دیکە پێداگرییان کرد لەسەر درێژکردنەوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران.

ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن وڵاتی سوئێدەوە پێشنیار کرابوو و وڵاتی چین، وێنزۆئێلا، کووبا، عێراق، قێرقیزستان، پاکستان و برووندی دەنگی نەرێنیان بەو بڕیارنامەیە دا.

نوێنەری حکوومەتی ئێران لەو دانیشتنەدا، هەڵبژاردنی ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ بۆ ئێرانی بە هەوڵی\"سیاسی\"،\"نادادپەروەرانە\" و لادانی شۆرای مافی مرۆڤ لە ئوسوول و ئامانجە سەرەتاییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە\" ناوزەد کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لەگەڵ ٤٥ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە نامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پشتیوانی لەو بڕیارنامەیە بکەن.

هەتا ئێستا شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگرەوەیەکی بۆ عاسیمە جەهانگیر، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران دیاری نەکردووە.