شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كوشتاری هاووڵاتییانی "حولە"ی لە سووریە مەحكووم كرد

13:38 - 13 جۆزەردان 2712
كوردپا: شرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارەمین دانیشتنی خۆیدا لەبارەی پرسی مافی مرۆڤ لە سووریە، حكوومەتی ئەو وڵاتەی بەهۆی كوشتاری ناوچەی \"الحولە\" لە پارێزگای حومس مەحكووم كرد.

هەر لەو پێوەندییەدا \"ناوی پیلای\" لێپرسراوی كۆمیساریای مافی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە كە سەر بە حكوومەتی سووریەن، لە دادگای جنایەتی جەنگیدا لێپێچینەوەیان لێبكرێت.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی شەبەكەی بی بی سی لەزاری سەرچاوەكانی ناوخۆی سووریەوە بڵاوی كردۆتەوە، لە كاتێكدا كە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان سووریەی بە بۆنەی كوشتاری هاووڵاتییان مەحكووم كردووە، سێیەمین كوشتاری بەكۆمەڵیان لە ماوەی یەك حفتەی رابردوودا ئەنجام داوە و هێزە ئەمنیەتییەكان لە رۆژئاوای سووریە 13 كرێكاریان لە ماشینێك دابەزاندوو و دەستبەجێ‌ كوشتوویانن.

رۆژی هەینی رێكەوتی 12‌ی جۆزەردان لە ناوچە جیاجیاكانی سووریە زیاتر لە 40 هاووڵاتیی بە تەقەی هێزە ئەمنیەتیەكانی سووریە كوژران.
\"4730.jpg\"
لەلایەكی دیكەوە و بە وتەی چاودێرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریە، حەفتەی پێشوو 108 كەس لە شاری حولە لە پارێزگای حومسی سووریە بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریە كوژران كە 55 كەسیان منداڵ و 33 كەسی دیكەشیان ژن بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی پێنجشەممە ئەرتشی ئازادی سووریە رایگەیاندبوو: ئەگەر بێت و هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە هەتا نیوەڕۆی هەینی پابەندبوونی خۆیان بە بەندەكانی گەڵاڵەی كووفی عەنان رانەگەیەنن، ئەوانیش لەمەوبەدوا پابەندی ئاگربەس نامێننەوە.

توندوتیژی و ئاڵۆزییەكانی سووریە لە ماوەی نزیك بە 15 مانگی رابردووە دەستیان پێكردووە و كۆمەڵێك هاووڵاتیی نیزامی و غەیرە نیزامی و بەتایبەت ژن و منداڵ بوونەتە قوربانی.

\"شەبەكەی مافی مرۆڤی سووریە\" لە دوایین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كرۆدتەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی كردۆتەوە، رێژەی كوژراوای ناڕەزایەتییەكانی سووریە هەتا ئێستا گەیشتۆتە 15 هەزار و 423 كەس.

بەپێی هەمان ئامار لە كۆی ئەو كوژراوانە 868 منداڵی كوڕ و 274 منداڵی كچ كوژراون.

بەپێی راپۆرتی شەبەكەی مافی مرۆڤی سووریە لە شاری حومس وەكوو خاڵی دەسپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان هەتا ئێستا پتر لە 6 هەزار و 208 كەس گیانینان لەدەست داوە و دووەمین شاری سووریە كە رێژەی قوربانیانی زۆرە، شاری ئەدلەبە كە 2 هەزار و 761 كەس لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریەوە كوژراون.