شۆرای تەئمینی ئوستانی کوردستان بڕیاری ئامادە باشی بۆ هێزەکانی سپای یەزد، لوڕستان و ئیسفەهان دەرکرد

19:52 - 15 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شۆرای تەئمینی ئەمنیەتی ئوستانی کوردستان بڕیاری هاتنی هێزی نیزامی و گاردی تایبەتی بۆ شارەکانی سنە و مەریوان دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای خۆپیشاندانی چالاکانی خوێندکاری و فەرهەنگیی شاری مەریوان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێران، شۆرای تەئمینی ئوستانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاساییان پێکهێنا.

لەو دانیشتنەدا، عەبدولرەزا رەحمانی وەزیری کابینەی دەوڵەتی \"تەدبیر و ئومید\"ی حەسەن رۆحانی، لەرێگەی \"ڤیدیۆ کۆنفرانس\"ـەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی دانیشتنی نائاسایی رۆژی رابردوو لە ئوستانداریی کوردستان، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \" ئەندامانی شۆرای تەئمینی ئوستانی کوردستان بە رەزامەندیی وەزیری دەوڵەت، بڕیاری هاتنی یەکەیەکی چەکداریی سپای پاسداران لە ئوستانەکانی \"لوڕستان، یەزد و ئیسفەهان\"ـەوە، بۆ شارەکانی سنە و مەریوان دەرکرد.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتیشی: \"لەو دانیشتنەدا شارەکانی مەریوان و سنە وەک ناوچەی سوور دەستنیشان کراون و حاڵەتی نائاسایی راگەیەندراوە\".

هەروەها بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، هێزێکی زۆری یەگانی تایبەت لەنێو شاری سنەدا جێگیر کراون و ئەو شارە دۆخێکی ئەمنیەتیی بەخۆیەوە گرتووە.

هاووڵاتییانی شاری سنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باس لەبوونی رێژەیەکی بەرچاو هێزی نیزامی لە نێو شەقام و شوێنە گشتییەکاندا دەکەن و نیگەرانیی خۆیان لەم دۆخە ئەمنیەتییە دەربڕیوە.

رۆژی رابردوو ژومارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و خوێندکاریی شاری مەریوان لە چوار رێیانی شەبڕەنگەوە هەتا چوار رێیانی \" ئەسڵی\" ئەو شارە، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، بەڕێوە برد کە بە دەستێوەردانی ‌هێزە ئەمنیەکان بەرەوڕووی گرژی بوویەوە.

لە خۆپیشاندانی رۆژی رابردوودا \"وریا تاسە\" چالاکی خوێندکاریی کورد لە زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها دەگوترێت کە \"دانا لەنجاوایی\" یەکێکی دیکە لە چالاکانی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتت سپای ئەو شارە کراوە.