شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان: حکوومەتی ئێران پشتیوانی لە حەشدی شەعبی دەکات

15:02 - 24 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بەیاننامەیەکی لە بارەی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حەشدی شەعبی بڵاو کردەوە.

شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، باسی لە تێکشکاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە شاری کەرکووک کرد.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: حکوومەتی ئێران پشتیوانی لە حەشدی شەعبی دەکات تاکوو بە چەک و تانکی ئامریکایی هێرشی کردە سەر پێشمەرگەکان.
لەو بەیاننامەدا هاتووە: لەو هێرشە دا، ٥ ماشینی نیزامیی حەشدی شەعبی لە ئاگر دا سووتان.

شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان لە بەیاننامەکەدا، پێداگری لە سەر داکۆکیی پێشمەرگەی کوردستان لە نەتەوە و خاکی کوردستان دەکات.

هێزە عێراقییەکان لە سەر بڕیاری، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشی نیزامیی بۆ وەرگرتنەوەی شاری کەرکووک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەست پێکرد.

پاش ئەو هێرشە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دوو هێرشی قورسی هێزەکانی حەشدی شەعبییان تێکشکاند و ڕاگەیەندنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند: کە ١٢ کەس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژراون.

هەڵگورد حیکمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیوونی \"ڕووداو\" ڕایگەیاند: \"بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری هەولێر لەگەڵ هاوپەیمانان لە کۆبوونەوە دان.

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: \"هێزی زیاتر ڕەوانەی ئەم ناوچانە دەکەین بۆ کونتڕۆڵ کردنەوەی بارودۆخی شاری کەرکووک \".

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، \"سپای پاسداران و قاسم سلێمانی بە ئاشکرا لە گەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی دان\".

سەرچاوەکانی هەواڵی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند: \"قاسم سلێمانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هان دەدات و ئاڵۆزییەکانی شاری کەرکووک لە سەر بڕیاری ناوبراو ئەنجام دەدرێت\".