شوێنەوارێکی مێژوویی گرینگ لە سەوڵاوا دۆزرایەوە

13:55 - 16 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: شوێنەوارێکی مێژوویی کە پێشینەکەی بۆ ٥ هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، لە ناوچەی سەوڵاوای هەورامان دۆزرایەوە.

لە پەناگەیەکی بەردین لە نیزیک گوندی \"ناو\" سەر بە شارستانی سەوڵاوای هەورامان، کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی دەورانی مس و بەرد دەگەڕێتەوە دۆزرایەوە، کە تێیدا کۆمەڵێکی بەرچاو ئاسەواری گڵینە و کەرەستەی بەردین بەدی دەکرێت.

\"29706.jpg\"
دۆزینەوەی ئاسەواری مێژویی لە گوندی ناو
هەواڵدەریی مێهر لە زاری سەرۆکی ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای سنەوە بڵاوی کردەوە؛ ئەم ئاسەوارە پاش هەڵکۆڵین و گەڕان لە لایەن تیمێکی کەوناراناسەوە دۆزراوەتەوە کە دەتوانێ زانیاریی زۆر ورد و گرینگ لەسەر ئەم قۆناغە لە مێژووی ناوچە بدات بەدەستەوە، کە تا ئێستا ئێمە لێی بێ‏ئاگا بووین.

سیروان محەممەدیان یەکێک لە کارناسانی بەشدار لەم هەڵکۆڵینە لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: \"ئەمە یەکەمجارە کە شوێنەوارێکی لەم چەشنە لە دەڤەری هەورامان دەدۆزرێتەوە کە نیشاندەری بەردەوامیی و بەربڵاویی کەڵک وەرگرتن لە ئەشکەوتەکان و پەناگە کاتییەکان لە لایەن ئاژەڵدارەکان لە نیوەی دووهەمی هەزارەی چوارەمی پێش لە زایینە\".

یەکێک لە گرینگییەکانی کوردستان بریتییە لە بوونی ئاسەوارێکی کەم وێنە لە شارستانییەتی مرۆڤی، کە لە سەردەمە کەوناراکانەوە دەست پێدەکات، بەڵام وەک پێویست گرینگی و بایەخی پێ‏نەدراوە و زۆر جاریش لە لایەن کەسانی هەلپەرەستەوە بەتاڵان دەبرێت.