شوناسی دوو لاوی کوژراو لە لایەن سپای پاسدارانەوە، ڕوون بوویەوە

19:56 - 6 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: شوناسی دوو لاوی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو کە لە سنووری کرماشان و هەڵەبجە بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست دا ئاشکرا بوو.

ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر، \"بارزان عۆسمان\" وتەبێژی پۆلیسی شاری هەڵەبجە باسی لە دۆزینەوەی تەرمی دوو لاوی خەڵکی سەرپێڵێ‌زەهاو لە سەیرانگای \"ئاویسەر\" لە ناوچەی \"بیارە\"، کرد.

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند کە ئەو دوو لاوە کوردە لە لایەن سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە و گیانیان لە دەست داوە.

شوناسی ئەو دوو لاوە کوردە بە ناوەکانی \"بیلال تەحامی\" کوڕی ئەحمەد لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٩ و \"ئەیووب پاڵانی\" کوڕی حوسێن لە دایکبووی ١٩٩٨ خەڵکی گوندی \"تەپەماران\" لە دەشتی زەهاو ڕاگەیەندراوە کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان مەبەستیان بووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە پێداگری لە سەر ئەوە کردووە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی پێویستی لەو پەیوەندییەدا کردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە ئەو دوو لاوە کوردە لە خاکی ئێرانەوە، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەستداوە، کۆتایی لێکۆڵینەوەکە، بۆ بیروڕای گشتیی ڕانەگەیەندراوە.

بە وتەی وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئێران ڕەوانەی شاری پاوە کراوە.