شنۆ/ قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵان خۆی هەڵواسی

21:33 - 4 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی کەم تەمەن دوابەدوای ئەوەی هەڕەشەی خۆکوژی کردبوو، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ قوتابییەکی پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو قوتابییە کەم تەمەنە ١١ساڵانە، \" هاوڕێ قادرشوان \"ە و دانیشتووی گەڕەکی تاجەدیینی شاری شنۆیە.

\"28872.jpg\"
شایانی باسە هەوڵەکانی دراوسێکان بە مەبەستی گەیاندنی ناوبراو بە ناوەندی دەرمانی، بێ‏ئاکام ماوەتەوە و لەئاکامدا تەرمی ناوبراویان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی پزیشیکی یاسایی ئەو شارە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو قوتابییە کوردە ناڕوونە، بەڵام هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە کێشەی خێزانی و هەڕەشەی خۆکوژیی ئەو قوتابییەی کردووە.

پێشتریش لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ هەر لەو گەڕەکەی شاری شنۆ خۆی کوشتبوو.

هەروەها بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٨٥ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی، دۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیی لاوان لەقەڵەم داوە.