شنۆ/ بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی بووکە بەفرینە بۆ یادی کچە قوتابیانی شیناوێ+وێنــە

19:01 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی بەرچاو لەقوتابییانی قوتابخانەکانی شاری شنۆ هاوڕێ لەگەڵ بنەمالەکانیان فستیڤاڵێکیان بۆ یادی کچە قوتابیانی روداوی شیناوێ، لە پارکی شێخ عەبدولعەزیز بەرێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی بەفرانبار ژمارەیەک لە قوتابییانی خەڵکی شاری شنۆ فستیڤاڵێکی پەیکرە دروست کردنیان لە بەفر بەڕێوە برد، کە تیایدا نزیک بە ٥٠٠ قوتابیی کوڕ و کچی پۆلەکانی سەرەتایی بەشدار بوون.

\"17675.jpg\"
لەو فستیڤاڵە فەرهەنگییەدا، کە لەلایەن \"ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی ئاوا\"ی شاری شنۆوە رێکخرابوو، تیایدا قەبری سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵزادە، کە لە ئەنجامی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێدا گیانیان لەدەست دابوو، بەشێوەی سەمبولیک بە بەفر دروست کران.

هەروەها، دوو هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوەکانی \"سیامەند ئامینەدار و رافیع سەر رووت\" چەند گۆرانییەکیان بە یادی کچە قوتابییانی شیناوێ چڕی.

رۆژی پازدەی سەرماوەزی ساڵی رابردوو، ٣٧ قوتابیی کچی قوتابخانەی سەرەتایی بە هۆی ئاگرگرتنی پۆلی خوێندەنەکەیان لە گوندی شیناوێی پیرانشار لە ئوستای ئازەربایجانی رۆژئاوا، تووشی سووتان بوون کە لەو رووداوەدا دوو کچە قوتابی بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە\" و \"سارینا رەسوڵزادە\" گیانیان لەدەست دا.

هەتا ئێستاش پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەکساڵ ١٢ کەس لەو کچە قوتابییانە، کە بە سەختی تووشی سووتان بوون، هەتا ئیستا چارەسەرییان بۆ نەکراوە و لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا لە شەقامی پاستۆر و لە بەردەم دەفتەری حەسەن رووحانی سەرکۆماڕی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، مانیان گرت.

دەگوترێت رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو تەنیا سێ کەس لەو کچە قوتابییانە بەناوەکانی \"سیما شادکام، نادیە ساڵح و ئەسرین مەعرووفی\" لە نەخۆشخانەی \"رازی\"ی تاران خراونەتە ژێر تیغی نەشتەرگەری، ئەوەش لە حاڵێکدا بووە کە هەتا ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ ئەو کچە قوتابییانە تەرخان نەکراوە و پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە، تەنیا بڕی ١٠ ملیۆن تمەنیان پێ دراوە.
\"17680.jpg\"

\"17676.jpg\"

\"17677.jpg\"

\"17674.jpg\"

\"17682.jpg\"

\"17681.jpg\"

\"17679.jpg\"