شایەتحاڵێک: چەند کەسێک بە پشتیوانیی وەزارەتی ئیتلاعات، لە ناوچەی سەقز ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە

16:21 - 8 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: گیرۆدەبوونی لاوان لە وڵاتی ئێران بە تایبەت لە ناوچە کوردییەکان رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنیت و بە گوتەی هاووڵاتییان، لە زۆربەی شوێنەکان چەند کەسێکی سەربە دەزگا ئەمنییەکان ماددەی هۆشبەر لە نێو لاواند ا بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەند کەسێک بە پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و ناوشاری سەقز ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و هەتا ئێستا دەیان لاوی کوردیان تووشی ماددەی هۆشبەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بڵاوکردنەوەی بەرینی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگیی شاری سەقز بە کارەساتبار وەسف کرد و رایگەیاند؛ لە دوو ساڵی رابردوودا تەنانەت یەک تووشبووی ماددەی هۆشبەر لە گوندەکاندا بەدی نەدەکرا، بەڵام هەنووکە دەیان لاوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە تووشی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بوونە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد؛ \"ج. ئەلف\" و \"م. ئەلف\" لە گوندی کولتەپە و \"ج. ئەلف\" و \"ع. ئەلف\" لە گوندی خۆش‌قشڵاخ و \"س. ر\" لە ناوشاری سەقز ئەو کەسانەن کە بە پشتیوانیی وەزارەتی ئیتلاعات ماددەی هۆشبەر لە نیو لاواندا بڵاو دەکەنەوە.

دەشڵێت: ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەیکە پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەکانیان هەیە، بە ئاشکرا ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوەو بە نرخێکی کەم هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەریشیان لا دەست دەکەوێت، کە ئەمە نیگەرانیی و بێزاریی لای خەڵک دروست کردووە.

بەپێی ئامارەکانی خودی حکوومەتی ئێران، هەنووکە ١ ملیۆن و ٣٢٥ هەزار کەس تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێراندا هەن، کە ٤٤.٦ لەسەدی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر تەمەنیان لەژێر ٢٩ ساڵدایە.

لەکۆی ئەو ١ ملیۆن و ٣٢٥ هەزار تووشبووە بە ماددە هۆشبەرەکان، ٢٥%ی تووشبوانی تەزریقین و بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی وڵاتی ئێران لە سالی ١٣٩١دا، لە هەر رۆژێکدا ١١ تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بەهۆی ئاسەواری ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەست ئەدەن.

رەسووڵ خزری نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی و ئەندامی لێژنەی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمانی مەجلیس لە مانگی رەزبەری ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو، هەنووکە لە وڵاتی ئێراندا \"سێ ملیۆن و نیو\" کەس تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانن.

ئەو نوێنەرەی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئیسلامی باسی لەوەش کردبوو، چوونەسەرەوەی رێژەی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر ئاماژە بە \"شکست خواردن لە بواری بێهداشت و رەوان\"دا دەکات.