شایەتحاڵێک: هێـزەکانی سپای پاسداران ئاگریان لە ژینگەی ناوچەی نەوسوود بەردا

14:08 - 18 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران بە ئەقەست رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستان و ژینگەی ناوچەی نەوسوودی سەر بە ئوستانی \"کرماشان\"یان، ئاگر تێبەردا.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵێک، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی خەرمانان هێـزەکانی سپای پاسداران جێگیر لە پاسگای \"دوو ئاو\" ئاگریان لە دارستانەکانی شوێنێک بەناوی \"شەما\" لە نزیک شاری نەوسوود، بەردا.

ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەش کرد، ئەو ئاگرەی کە لەو دارستانە بەردرا، بەهۆی هەبوونی جاددەی گوندی \"بەلەبزان\"ـەوە تەشەنەی نەکرد و زوو کوژایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە سەرلە نوێ هێـزەکانی سپای پاسداران ئاگریان لە دارستانی پشت جادەکە بەردا.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو ئاگرە کەوتنەوەیە بەردەوامە و هێــزەکانی سپای پاسداران رێگری لە چوونی هاووڵاتییان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرە دەکەن.

دەگوترێت کە گوندی بەلەبزان بەهۆی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێــران و ئیــراقەوە کاوڵ بووە و بەهۆی ئەمنەیتی لە قەڵەم دانی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێـزەکانی سپای پاسدارانەوە، هەتا ئێستاش ئەو گوندە ئاوەدان نەکراوەتەوە.

پێشتریش هێزەکانی سپای پاسداران لە \"مەریوان، سەوڵاوا، پاوە و نەوسوود\"، بەبیانووی جۆراوجۆری وەک مانۆڕی سەربازییەوە، ئاگریان لە دارستان و لەوەڕگەکان بەردابوو.