شایەتحاڵێک لەمەڕ پەروەندەی زانیار و لوقمان مورادی بێ دەنگی شکاند + وتووێژ

19:12 - 21 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژن و مێردێکی خەڵکی مەریوان ئامادەیی خۆیان بۆ شایەتی دان لەمەڕ بێ تاوان بوونی \"زانیار و لوقمان مورادی\"، لە بەر دەم دادگا دەربڕیوە.

باوکی زانیار موردی زیندانیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند؛ \"دوابەدوای ئەوەی مەترسیی گیانی بۆ سەر زانیار و لوقمان رووی لە زیادبوون کرد، ژن و مێردێکی مەریوانی شایەتی ئەوە ئەدەن کە بکوژەکانی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوانیان بینووە و زانیار و لوقمان هیچ پەیوەندییەکیان بە کوژرانی کوڕی ئیمام جومعەوە نییە\".

\"16748.jpg\"
ئێقباڵ مورادی: ئەو شایەتحاڵە بە هۆی ئەمنیەتی بوونی ئەو پەروەندەیەوە نەیویستووە هاوسەرەکەی تێکەڵ بەم مەسەلەیە بێت
بە وتەی ئێقباڵ مورادی، ئەو ژن و مێردە مەریوانییە شەوی ئەو رووداوە چەند کەسێکی چەکداریان بە سواری سێ ماشێنەوە کە ماشێنیکیان پرایدێکی سپی بووە، بینوە کە تەقەیان لە کوڕی ئیمام جومعە کردووە و بە هۆی ئەوە کە ئەو ژن ومێردە شایەتی رووداوەکە بوون، لەگەڵ ئەو ژن و مێردەش بە کێشە هاتوون\".

باوکی زانیار مورادی گوتیشی \"سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ ئەو کەسە هیچ پەیوەندی و ناسیاوییەکمان نییە، بەڵام بەو پەڕی بوێرییەوە چۆتە لای پارێزەرەکەی زانیار و لوقمان و تێکڕای رووداوەکەی بۆ باس کردووە\".

ناوبراو گوتیشی \" ئەو شایەتحاڵە کە بە هۆی ئەمنیەتی بوونی ئەو پەروەندەیەوە نەیویستووە هاوسەرەکەی تێکەڵ بەم مەسەلەیە بێت، پێشتریش چۆتە لای ئیمام جومعەی مەریوان و چۆنیەتیی ئەو رووداوەی بۆ باس کردووە، بەڵام ئیمام جومعە گویی بەو شایەتییە نەداوە\".

باوکی زانیار مورادی کە مامی \"لوقمان مورادی\" زیندانیی سیاسیە مەحکووم بە سێدارەیە، باسی لەوەش کرد، \" ئیمام جومعەی مەریوان بە باشی دەزانی کە چ کسانێک کوڕەکەی ئەویان کوشتووە، بۆیە داوای لێ دەکەم ئەو سەداقەتەی هەبێت بە خەڵک بڵێت کە زانیار و لوقمان کوڕی ئەویان نەکوشتووە\".

زانیار و لوقمان مورادی رێكەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨دوو لاوی كورد بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

ئەو ٢ زیندانییە هەتا ٩ مانگ پاش لە دەستبەسەر کران هیچ تاوانێكیان نەردابوویە پاڵ و لە گرتنگەكانی ئیتلاعات دەستبەسەر بوون و سەرئەنجام مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" حوكمی سێدارە و بەڕێوەبەردنی ئەو حوکمە لەبەر چاوی خەڵکیان، بۆ بڕایەوە.