شایەتحاڵێک: بە ئاگاداریی میرات فەرهەنگیی سنە ئاسەوارە مێژووییەکان تاڵان دەکرێن

22:14 - 6 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بە ئاگاداریی ئیدارەی میرات فەرهەنگی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە، ئاسەوارە مێژووییەکان، بەتاڵان دەبردرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری سنە، ژمارەیەک خەڵکی شارەکانی شیراز و ئیسفەهان بە گوندەکانی دەوروبەری شاری سنەدا دەگەڕێن و سەرەڕای هەڵدانەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان، هاوولاتیاینیش بۆ هەڵدانەوەی شوێنەوارەکان هان ئەدەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە رۆژانی رابردوودا لە گوندەکانی هانیس و خەیارە، هێندێک گۆڕی مێژووییان هەڵداوەتەوەو ژمارەیەک ئاسەواری مێژوویی و کتێب‌یان دۆزیەوەتەوە لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن.

هەروەها ئاشکرای کرد، لە ماوەی رابردوودا چەند کەسێک بە ئاگاداریی ئوستاندار و بەرپرسی میرات فەرهەنگیی ئەو شارە، لە رێگەی تونێلەوە گۆڕی \"چل مەرە\"ی نزیک شاری سنەیان هەڵدایەوەو سێ گۆزەڵەی پڕ لەو سکەیان تێدا دۆزییەوە، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ماددەکان دەگەڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری سنە باسی لەوەش کرد، کڕیاری ئەو ئاسەوارە مێژووییانە بە ئاشکرا لە گوندەکان دەگەڕێن و بە پێشنیار کردنی پارەیەکی بەرچاو بۆ ئاسەوارە مێژووییەکان، خەڵکیش بۆ هەڵدانەوەی ئەو شوێنەوارانە هان ئەدەن.