شایەتحاڵان: کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەرایەتیی بازاڕچەی پەرویزخان گیانی کرێکارێکی ستاند

15:51 - 18 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان لە کاتی کارکردندا لەو بازاڕچەیە، بەهۆی راوەستانی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی رابردوو کرێکارێک بەناوی (فەرامەرز سلێمانی) لە کاتی داگرتنی بار لە کامیۆن، دڵی لە لێدان کەوتووە.

بەگوتەی شایەتحاڵان، ئەو کرێکارە کوردە بەهۆی وەدرەنگ گەیشتنی ئورژانس بۆ ئەو بزاڕچەیە و نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی پزیشکی و کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو بازاڕچەیە لەمەڕ دابین نەکردنی ئەمنیەتی گیانی بۆ کرێکاران، گیانی لەدەست داوە.

لە بازارچەی سنووریی پەرویزخان زیاتر لە دوو هەزار کرێکار هەیە، کە بە گوتەی کرێکاران، بازاڕچەکە وڵامدەری ئەو ژمارە زۆرەی کرێکاران بۆ کار کردن نییە، کە بەهۆی بێکاریی لە رادەبەدەرەوە روویان لەو بازاڕچەیە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کرێکارێکی کورد بەناوی رەمەزان قادری، کوڕی مەجید و خەڵکی گوندی (کانی حوسین بەگ)ی سەربە شارستانی سەوڵاوا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستداو ژن و منداڵەکەشی لەو رووداوەدا بریندار بوون.

دەگوترێ ئەو هاووڵاتییە، ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو، بەمەبەستی کرێکاری هاوری لەگەڵ ژن و منداڵەکەی رووی لە باکووری وڵاتی ئێران کردبوو، کەلە کاتی گەڕانەوەدا لە نزیک شاری کەرەج تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.

ژن و منداڵی ئەو کرێکارە کوردەش بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیر راگەیەندراوە.