شایەتحاڵان: سەلەفییەکانی پاوە هێرشیان کردە سەر چایخانەیەک و دواتر ماشینێکیان سووتاند

17:12 - 27 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: قاوەخانەی نێو ترمیناڵی پاوە - کرماشان لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە سەلەفییەکانەوە هێرشی کرایە سەر و بەرەوڕووی زیانێکی ماددیی بەرچاو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵان؛ ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان چەند کەسێکی سەلەفی بە گوتنەوەی دروشمی \"ئەڵڵاهوو ئەکبەڕ\" چوونەتە چایخانەی نێو ترمیناڵی پاوە- کرماشان و سەرجەم کەلووپەلی نێو قاوەخانەکەیان تێک شکاندووە.

بە وتەی شایەتحاڵانی ئەو رووداوە، ئەو چەند کەسە کە خۆیان وەک سەلەفی ناساندوو، ئاگریان لە ماشێنێکی جۆری \"پراید\" برداوە کە لە بەردەم ئەو چایخانەیە راگیرابوو و دواتریش شوێنی رووداوەکەیان جێ هێشتووە.

هەتا ئێستا لە شوناس و هەروەها هۆکاری هێرشی ئەو کەسانە بۆ سەر چایخانەکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەردەوامیی ئەم رووداوانەش ترس و دڵە راوکێی لای هاووڵاتییانی ئەو شارە دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی یەکشەممەی رابردوو لە شاری جوانڕۆ، چەند کەسێکی سەلەفی چوونەتە قاوەخانەی باوەجانیی ئەو شارەو و وێڕای تێکشکاندنی کەلوپەلەکانی ئەو دووکانە، چەند کەسێکیشیان بە زەبری چەقۆ و خەنجەر بریندار کردووە.

پێشتریش لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یاسر حوسێنی\" کوڕی تۆفیق، لەلایەن ٢ کەسی سەلەفییەوە بە بیانووی بەرزبوونی دەنگی گۆرانی و مۆسیقای ماشێنەکەی، لەلایەن چەند کەسێکی سەلەفییەوە لەبەر دەم ماڵەکەیدا ئاگری تێبەردرا.