شاکر باغی لە زیندانی کاشمەر هاتە مەرەخەسی

10:13 - 6 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندان، شاکر باغی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری "وان" سەر بە کوردستانی تورکیە، پاش ١٤ ساڵ زیندانی لە زیندانی کاشمەر سەر بە پارێزگای خۆراسان، هاتە مەرەخەسی.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ڕەزامەندیی لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەن، ئیزنی مەرەخەسی پێدراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٨٦ لە جادەی سنە - مەریوان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، کرابوو.

شاکر باغی پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەکانی ئەمنییەتی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە سنە و کرماشان، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "حەسەن بابایی" بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)"، بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە، بۆ شاری کاشمەر لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویی مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە لە کۆتاییدا، لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست و ناوبراو لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٨٨، لە زیندانی ناوەندیی سنە بۆ زیندانی کاشمەر، دوور خرایەوە.