شانۆكار و ئەكتەرێكی كورد كۆچی دوایی کرد

19:42 - 15 رێبەندان 2711
کوردپا: ناسر موبارەكشاهی، هونەرمەندی كوردی بواری شانۆ و سینەما بەهۆی نەخۆشینی شیرپەنجەی خوێن، لە نەخوشخانەی \"بەهمەن\"ی شاری تاران كۆچی دوایی كرد.

هەواڵدەریی كوردپرێس بڵاوی كردەوە، ناسر موبارەكشاهی ئەكتەری ساڵانی دووری سینەمای ئێران دوای حەوت مانگ تەشەنە كردنی نەخۆشیی شیرپەنجەی خوێن، رۆژی پێنج شەممە دووی فێڤرییە كۆچی دوایی كرد و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە شارۆچكەی نۆدشە ئەسپەردە بكرێت.

موبارەكشاهی لە ساڵی 1336 لە شاری پاوە لە دایك بووە و لە بواری شانۆ و سینەمادا چالاكیی فراوانی ئەنجامداوە‌ كە لەوانە دەكرێت ئاماژە بە رۆڵ گێڕانی لە فیلمی \"بانی چاو\" 1373 لە دەرهێنانی \"ئەحمەد رەزا گێرشاسبی\" بكرێت.

ئەم هونەرمەندە لە پاش ساڵانی 1363 لە شاری پاوە، سەرقالی دامەزراندنی ناوەندی فێركاری و راهێنانی شانۆیی و سینەمایی بووە و هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە 30 بەرهەمی سیناریۆ و شانۆنامەی وەک: \"تارا بووکی سیروان- تەندیس – ئاکۆ – تاپۆ – ناسنامە – ناوەرۆک – هیوا – چەکدار و رۆڵ گێڕان لە فیلمەکانی دادگەر راوێژکار و گەڵاڵەی فیلمی تادگارێ ئاکۆ ومی چریکە\" پێشكەش كردووە.