شاعیر و وەرگێڕێكی کورد لە بۆکان، ٦ بەرهەمی چاپ و بڵاو كرایەوە

18:58 - 3 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەمین گەردیگلانی، شاعیر و وەرگێڕی خەڵكی شاری بۆكان لە درێژەی پڕۆژەی كاری وەرگێڕانەكانیدا پێنج رۆمانی دیكەی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاەتەوە سەر زمانی كوردی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا ٥ بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئەمین گەردیگلانی لەلایەن خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، لە هەرێمی كوردستان چاپ و بڵاو بوونەوە.

\"پەسڵان، شەیتان، حاجی موراد، كازاخەكان و سۆناتای كرۆیتیزێر\" ئەو پێنج رۆمانەن، کە بەرهەمی \"لیۆن تۆلستۆی\" نووسەری گەوەری (رووسیا)ین.

پێشتریش ئەم وەرگێڕە کوردە، ٧ رۆمانی دیكەی تۆلۆستۆی وەرگێڕاوەو سەرجەم ١٢ بەرهەمی ئەو نووسەرەی کردۆتە زمانی كوردی.

هەرەوەها لە درێژەی چالاكییەكانی ئەو نووسەرە كوردەدا كۆمەڵە شیعری \"شنەی پشكووتن\" كە كۆی بەرهەمە شیعرییەكانی \"ئەمین گەردیگلانی\"یە، لەم ماوەیەدا و بۆ جاری دووەم لەلایەن وەشانگەی (کۆڵەپشتی)ی تارانەوە چاپ و بڵاو بۆتەوە.

شنەی پشکووتن، کە بۆ یەكەم جار ساڵی ١٣٩١ لەلایەن بڵاوكەرەوەی كۆڵەپشتیی تارانەوە چاپ ببوویەوە، ئێستا لە هەموو كتێب فرۆشییەكانی شارە و شارۆچكەكانی كوردستان دەست دەكەوێت.

ئەمین گەردیگلانی، شاعیر و وەرگێڕ لەدایكبووی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویی گوندی گەردیگلانە و كەسێكی چالاكی بواری شیعر و چیرۆک و ئەدەبی منداڵان و بەتایبەت وەرگێڕانە و هەتا ئێستا لە بوارەكانی شیعر و چیرۆك و ئەدەبی منداڵان و وەرگێڕاندا سەرجەم ٣١ بەرهەمی چاپ و بڵاو بوونەتەوە.

ئەم شاعیر و وەرگێڕە کوردە، کە خاوەن زمانێكی پەتی، رەوان و رەسەنە و وەرگێڕانەكانی جێگەی سەرنجی خوێنەران و نووسەر و رەخنەگرانی كوردن، چەند بەرهەمێكی دیكەشی ئامادەی چاپ کردووە.
\"24345.jpg\"