شاعیرێکی کرماشانی بەهۆی سانسۆری کتێبەکەیەوە، خۆی لە چاپ کردنی بوارد

15:06 - 20 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرهەمی شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری سەحنە لە ئوستانی کرماشان، لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی سانسۆر بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کۆمەڵە شێعری \"مردن بە مەرجی فریشتە\" بەرهەمی فەریاد شیری، کە هەڵبژاردەیەک لە ٤ کۆمەڵە شێعری لەچاپ دراوی ئەو شاعیرە کوردەیە، بە مەرجی سانسۆر کرانی ٣٠ شێعری ناو ئەو کتێبە مۆڵەتی چاپی پێ درا.

دەگوترێت، کە فەریاد شیری لە ئەنجامی سانسۆری ئەو کۆمەڵە شێعردا، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی، خۆی لە چاپ کردنی بەرهەمە شێعرییەکەشی بواردووە.

\"17773.jpg\"
فەریاد شیری: چیدیکە هیچ کتێبێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ، رەوانەی فەرهەنگ و ئیـرشاد ناکەم
فەریاد شیری رایگەیاندووە، ئەو کۆمەڵە شێعرە لە کاتێکدا بەرەوڕووی سانسۆر بوونەتەوە، کە پێشتر لە دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد\"دا بەبێ سانسۆر لە چاپ دراوە و هەروەها چەندین جاریش لە چاپ دراونەتەوە.

ئەو چیرۆکنووسە کوردە گوتوشیەتی، بە هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی دەنگۆی ئەو بوو، کە سەردەمی سانسۆر کۆتایی هاتووە، بەڵام نەتەنیا سانسۆر کەمی نەکردووە بەڵکوو زۆر زیاتریش بووە، بەڵام گلەیی و سەرسووڕمانی من ئەوەیە ئەم شێعرانە چۆنە کەلە دەوڵەتی پێشوودا ئیزنی چاپیان پێدراوە، بەڵام ئەم دەوڵەتە کە ئیدیعای لابردنی سانسۆڕی هەیە، مۆڵەتی چاپ نادات.

رەخنەگری کورد ئاماژەی بەوەش کردووە؛ چاوەڕوان بووم کە لەم دەوڵەتەدا دۆخی چاپەمەنی و رۆژنامەگەریی کورد باشتر بێت و کتێبەکانم بەبێ گیرو گرفت لە چاپ بدرێن، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە چیدیکە هیچ کتێبێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ، رەوانەی فەرهەنگ و ئیـرشاد ناکەم.

حەسەن رۆحانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا باسی لە پەرەپێدانی فەرهەنگی و هاوکات جیاکردنەوەی حەوزەی سیاسەت و فەرهەنگی لەیەکتر کردبوو، بەڵام ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بەبڕوای زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی دۆخی خراپی چاپەمەنی و سانسۆر بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، هیچ گۆڕانێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.