شاعیرێکی خەڵکی مەریوان پاش وەرگرتنی بەڵێننامە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کرا

18:38 - 19 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندان، "ئارەزوو مستەفایی"، ناسراو بە "هەنسک"، شاعیر و چیرۆکنووس، خەڵکی شاری مەریوان، پاش وەرگرتنی بەڵێننامە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان، ئارەزوو مستەفایی تەمەن ١٧ ساڵ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرابوو کە ناوبراو لە ئامادەبوونی لەو ئیدارەیە خۆی بواردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندان، ئەو شاعیرە پاش هەڕەشە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانی کردبوو کە پاش ئامادەبوونی لەو ئیدارەیە دەسبەسەر کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەش خستە ڕوو کە: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو شاعیرەیان بەهۆی بەشداری لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات بانگهێشت کراوە و ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوەدا لەگەڵ توندوتیژی و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕووبەڕوو بووەتەوە".

هەروەها ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان لەو شاعیرە بەڵێننامەیان وەرگرتووە کە جارێکی دیکە لە بەرنامە کولتوورییەکانی تێلێڤیزیۆنە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات بەشداری نەکات".

ئارەزوو مستەفایی، شاعیر و چیرۆکنووس، خەڵکی شاری مەریوانە کە چالاکییە فەرهەنگییەکانی خۆی لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ئەو شارەوە دەست پێکردووە و خاوەن دوو بەرهەمی ئەدەبی بە ناوەکانی "هەنسک و دار تووەکان و وەتەنـ"ـە.