شارەوانیی سنە ٢٠٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکرد

15:03 - 25 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی فشاری خاوەن کارگە و وخاوەنکارەکان بۆ سەر کرێکاران، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاری شارەوانیی سنە لەسەر کار دەکران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی شارەوانیی شاری سنە، لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە لە سەر کارەکانیان دەرکراون و پەیوەست بە رەوتی بێکارانی کوردستان بوون.

ئەو ٢٠٠ کرێکارە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەی گرێبەستی لەگەڵ شارەوانیی سنە کاریان کردووە و لە رۆژانی پشوودا، کە نەچوونەتە سەر کارەکانیان، لە هەقدەست و بیمەی بێکاری بێبەری بوونە.

دەگوترێت، ئەو ٢٠٠ کرێکارە سەرەڕای ئەوەیکە لەلایەن شارەوانیی شاری سنەوە بێکار کراون، ماوەی ٣ مانگیشە شارەوانیی سنە، مووچە و هەقدەستی بە کرێکاران نەداوەو لەگەڵ ئەوەشدا شارەوانیی سنە پارەی سێ مانگی بیمەی ئەو کرێکارانەی نەخستۆتە حیسابی (تامین اجتماعی)یەوە.

لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، بڵاوی کردۆتەوە؛ بڕیارە ئەو کرێکارانە لە رۆژانی داهاتوودا، سکاڵای خۆیان بۆ ئیدارەی کاری شاری سنە بەرز بکەنەوە و سکاڵا لەسەر شارەوانیی سنە، تۆمار بکەن.

حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا رایگەیاندبو، بە بەرەوپێشچوونی دروست لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەتوانین کێشەی بێکاری چارەسەر بکەین و لە کاتێکدا ٣٠ هەتا ٤٠ لەسەدی کارگە بەرهەمهێنانەکان کار دەکەن، پێویستە ١٠٠%ی ئەو کارگە و کارخانانە بکەونەوە کار.

بەڵێنییەکانی رۆحانی لە کاتێکدایە، کە ئامار و رێژەی بێکاری لە ئێران و بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو زیاتر بوون دەچیت و کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، ئوستانداری کوردستان بە پێی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت، رایگەیاندبوو؛ نرخی بێکاری لە ئوستانی کوردستان لە سەدا ٢٨ زیاترە.